هەریەکە لە نێچیرڤان بارزانی و محەمەد حەلبوسی بەمەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ موقتەدا سەدڕی ڕێبەری ڕێبەری ڕەوتی سەدڕ، گەیشتنە نەجەف.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەلە، هەریەک لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی و محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە 31-1-2022،  گەیشتنە نەجەف و لەگەڵ موقتەدا سەدڕ، ڕێبەری ڕەوتی سەدڕ لەسەر دۆخی سیاسیی عێراق و پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێ کۆدەبنەوە.   
سەردانەکە پاش ئەوە دێت کە هەر ئەمڕۆ مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەستپێشخەرییەکی سیاسیی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەکرد، داوای لە نێچیرڤان بارزانی و محەمەد حەلبووسی کردووە سەردانی موقتەدا سەدر بكەن و لەسەر چۆنیەتیی بەردەوامبوونی پڕۆسەی سیاسی و نەهێشتنی كۆسپ و گرفتەكان ڕاوێژ بكەن.