چالاکوانێکی مەدەنی وێڕای تۆمەتبار کردنی حزبەکان لە بەغداد بەوەی کە خەمی خەڵکیان نیە، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە داوای خەڵک لە یەکێتی و پارتی کۆتایی هێنان بە ململانێ لەسەرپشک پشکێنەی حیزبیە لە بەغدا.
دانا عەبدول چالاکوانێکی مەدەنی لە وتووێژی لەگەڵ پەیامنێری زایەڵە ڕایگەیاند، یەکڕیزیی و پێکەوەیی کورد لە بەغدا پێشتر خواستێکی گشتیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بوو، چونکە خەڵک پێی وابوو یەکڕیزیی کورد بەتایبەت پێکەوەیی دوو حیزبە دەسەڵاتدارەکەی هەرێم لە بەرژەوەندی خەڵکی هەرێمی کوردستانە لە ناوخۆی هەرێم و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بەڵام پاش ئەزموونی نزیکەی 19 ساڵ لە بوونیان لە بەغدا دەرکەوت ئەوەی سوودمەندە لەبەشداریی لە پرۆسەی سیاسی لەبەغدا تەنها دوو حیزبەکە و کۆمەڵێک کاراکتەری حیزبیین و بەردەوام دۆخی خەڵک لەخراپتر بووندایە، بۆیە ئێستا نەک یەکڕیزیی ئەوان بەڵکو بوونیشیان لە بەغدا خەمی زۆرینەی خەڵکی هەرێم نییە بە ئەندامە مەحرومەکانی خۆیشیانەوە.
وتیشی، داوای خەڵک بە گشتیی لە یەکێتی و پارتی ئەوەیە کە با بەس بێت پشتگوێخستنی بەرژەوەندی نیشتیمانی و ململانێ لەسەرپشک پشکێنەی حیزبی لەبەغدا، کە هەمیشە کاریگەریی خراپیان لەسەر ئیستیقراری سیاسی ناوخۆی هەرێمیش هەبووە .
کامەران کەریم
January 31, 2022