پارێزگاری هەڵەبجەی عێراق بە ئاماژە کردن بەوەی کە ئەم پارێزگایە لە ئێستادا دوو بازاڕچەی سنووری هاوبەشی لەگەڵ ئێران هەیە، وتی: دەمانەوێت بازاڕچەی "سازان" وەک بازاڕچەی سێهەم لەگەڵ ئێران بکەینەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، ئازاد تۆفیق لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانی ڕایگەیاند: لە ئێستادا دوو بازاڕچەی سنووریی بەمۆ و شوشمێ لە نێوان هەڵەبجە و پارێزگای کرماشان لە کۆماری ئیسلامی ئێران چالاکە و ئاڵوگۆڕی بازرگانی تێدا ئەنجام دەدرێت.
وتیشی: هەوڵەکان بە مەبەستی کردنەوەی بازاڕچەی سێهەمی سنووریی بە هاوکاری پارێزگای کرماشان و هەڵەبجە بەردەوامە و هیوادارین بەم زووانە بگەینە ئەنجام.
بەوتەی پارێزگاری هەڵەبجە، پارێزگاری کرماشان بەڵێنی داوە بەدرێژایی ۱۴ کم ڕێگاوبان دروست بکات و لە هەرێمی کوردستانیش ئیدارەی ناوچەکە بە بایخەوە دەڕوانێتە ئەم پڕۆژەیە.
دانیشتنی پارێزگارەکانی کرماشان و هەڵەبجە کە لە جۆزەردانی ۹۹ لە تڕمیناڵی سنووری پشتە بەڕێوەچوو
بەپێی ڕاپۆرتی جام کوردی، هوشەنگ بازووەند پارێزگاری کرماشان جۆزەردانی ئەم ساڵ بە یاوەری شاندێک بۆ دانوستاندن لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی عێراق بەرەو پارێزگاری هەڵەبجەی عێراق بەڕێکەوت و سەبارەت بە پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕییە سنوورییەکانی و کردنەوەی بازاڕچەی سنووری سازان چەندین لێکتێگەیشتنیان لەگەڵ لایەنی عێراقی واژۆ کرد.
سازان ناوی ناوچەیەکی سنووریی لە ناحیەی باینگانی قەزای پاوەیە کە لەبەر مەودای کەمی لەگەڵ پارێزگای هەڵەبجە، بەرپرسانی ئەم پارێزگایە سوورن لەسەر کردنەوەی.
لە ئەگەری کردنەوەی ئەم بازاڕچەیە قەزای پاوە دەبێتە خاوەنی ۲ بازاڕچەی فەرمی و ئەمەش زۆر یارمەتیدەر دەبێت بۆ گەشەپێدان و بەهێزبوونی ئابووری ناوچەکە.
شوشمێ
بازاڕچەکانی شوشمێ لە ناحیەی نەوسوو_ی قەزای پاوە و شێخسێڵە لە قەزای سەلاسی باوەجانی بە بازاڕچە کۆنەکانی ناوچەی ئەورامانات دەژمێردرێن کە هەرچەندە ئاڵوگۆڕە ئابوورییەکان لەم ساڵانی دواییەدا بەردەوام لە هەڵکشان و داکشان بووە بەڵام وەک بازاڕچەی فەرمی دەناسرێن و چالاکی ئابوورییان تێدا ئەنجام دەدرێت.
بازاڕچەی سنووریی شوشمێ کەوتووەتە ۳۵ کم قەزای پاوە و ۵ کمی ڕۆژئاوای نەوسووی پاوە و ۱۵۵کمی کرماشان لە شوێنێکی بەرز و قادرمە شێوە بە نزیکەی دوو هیکتار. ئەم بازاڕچەیە لە سنووری عێراقەوە دەگاتە ناوچەی هەڵەبجەی پارێزگای سلێمانی لە باکووری عێراق و لە نزیکی شاری تەوێڵەی عێراق دایە. چەندین شتومەکی جۆراوجۆر وەکوو مێوە و چیمەنتوو و کڵاش و نان برنجی و سەوزەمەنییەکان له ڕێگای بازاڕچەی شوشمێ هەناردەی عێراق دەکرێت. ئەم بازاڕچە سنوورییە بووەتە هۆی باشتربوونی دۆخی ئابووری و گوزەرانی خەڵک و گەشەی بازرگانیی و کاروکاسبی لە قەزای پاوە.
هەروەها بازاڕچەی سنووریی شێخسێڵە کە لە عێراق پێی دەڵێن بەمۆ یان پشتە، لە ساڵی ۱۳۷۵ی هەتاوی دەستی بە چالاکییەکانی خۆی کرد و یەکێکە لە بازاڕچە فەرمییەکانی وڵات کە لە ۴۵ کمی شاری تازەئاوا ناوەندی قەزای سەلاسی باوەجانی و لە تەنیشت گوندێک هەر بەم ناوەوە لە شوێنێکی قادرمە شێوە و لە ڕووبەرێکی زیاتر لە چوار هیکتاردایە. ئەم بازاڕچەیە لە ئەگەری پان کردن و چاک کردنی جادەکەی دەتوانێت ڕۆڵێکی بەرچاوی لە هەناردە کردنی شتومەکەکاندا هەبێت.
بازاڕچەی شێخسێڵە لەبەر دراوسێ بوون لەگەڵ عێراق وەکوو ناوەندێک بۆ ئاڵوگۆڕی ئابووری لە چەند ساڵی ڕابردوو ڕۆڵێکی گرنگی لە ئابووری قەزای سەلاس هەبووە. ئەم بازاڕچە سنوورییە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر گەشەی ئابووری خەڵکی قەزاکەدا هەبووە.
لەم بازاڕچەیەدا زۆر شتومەکی ترانزیتی وەکوو چیمەنتۆ و چیپس و قاپوقاچاخی ئەلەمینیۆمی و جۆرەها کەلوپەلی پلاستیکی و خاکی ئاسن و ...هتد هەناردەی عێراق دەکرێت.
قەزای سەلاسی باوەجانی لە جۆزەردانی ساڵی ۱۳۸۱_ی هەتاوی کرایە قەزا و دانیشتوانەکەی نزیکەی ۴۰ هەزار کەسە. ئەم قەزایە لە ڕۆئاواوە دەگاتە عێراق و ۷۵ کم سنووری هاوبەشی لەگەڵ ئەو وڵاتە هەیە و ڕووبەرەکەی نزیکەی ۱۹۲۰ کم چوار گۆشەیە.
ویستی هەردوولا بۆ هاتووچۆی گەشتیاری
حکومەتی ئێران ڕێوشوێنی پێویستی بۆ هاتووچۆی گەشتیاری لە بازاڕچەی سنووریی شێخسێڵە و شوشمێ فەراهەم کردووە بەڵام لایەنی عێراقی لەم بوارەدا بە کردار هیچ هەنگاوێکی نەناوە.
بەفەرمی کردنی دەروازە سنوورییەکانی شوشمێ لە ناحیەی نەوسوو_ی قەزای پاوە و شێخسێڵە له قەزای سەلاسی باوەجانی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی کۆماری ئیسلامی ئێران هەواڵێک بوو کە بازووەند پارێزگاری کرماشان لە میانەی سەردانەکەی حەوتووی ڕابردووی خۆی بۆ پارێزگای هەڵەبجە و لە کاتی ئامادەبوونی پارێزگاری ئەم پارێزگایە ڕایگەیاند و وتی: بەفەرمی ناساندنی ئەم دوو دەروازە سنوورییە هەل بۆ هاتووچۆی گەشتیاران و پەرەسەندنی پەیوەندییەکان دەڕەخسێنێت و ئەم ڕێککەوتنەش بە پەسەند کردنی حکوومەتی ناوەندی عێراق دەچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.
بازاڕچەی شوشمێ کەوتووەتە ۳۵ کم_ی قەزای پاوە و سەر بە ناحیەی نەوسووە کە لەلای عێراقەوە دەلکێت بە پارێزگای هەڵەبجە و لە تەنیشت شاری تەوێڵەی ئەم وڵاتەدایە و بە وتەی " پەرویز ئیدەپوور" قائمقامی پاوە ڕۆژانە ۳۰۰تاکوو ۳۵۰ لۆری شتومەک لە دەروازەی سنووریی شوشمێ ڕەوانەی هەرێمی کوردستانی عێراق دەکرێت.
دەروازەی سنووریی شێخسێڵە کەوتووەتە قەزای سەلاسی باوەجانی و ۱۳۶کم دوورە لە ناوەندی پارێزگای کرماشان و بەپێی لێدوانەکانی " یەدوڵا شەکەری" قائیمقامی ئەم قەزایە بۆ ئیرنا، لەم دەروازە سنوورییەدا ڕۆژانە ۲۹۰ تاکوو ۳۰۰ لۆری شتومەک ڕەوانەی وڵاتی عێراق دەکرێت و ئێستاش نزیکەی هەزار کرێکاریش لەم دەروازە سنوورییەدا نۆرە بە نۆرە ئیش دەکەن.
سێ دەروازەی سنووریی کرماشان لەگەڵ هەرێمی کوردستان کراوەیە.
دەروازەی سنووریی پەروێزخان و بازاڕچە سنوورییەکانی شوشمێ لە پاوە و شێخسێڵە له سەلاسی باوەجانی سێ دەروازەی هاوبەشی چالاکی پارێزگای کرماشان لەگەڵ هەرێمی کوردستانە. بەپێی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەری گشتی گومرکی پارێزگای کرماشان لە دوو مانگی ڕابردووی ئەمساڵ، ۳۲۰ میلیۆن دۆلار و ۹۵۸ هەزار و ۸۴۰ دۆلار شتومەک بە کێشی ۷۹۹ هەزار و ۲۹۲ تەن لە ڕێگای گومرکی پارێزگاکە هەناردەی دەرەوە کراوە کە ۱۹۰ میلیۆن و ۸۳۷ هەزار و ۶۵۷ دۆلار بە کێشی ۴۸۵ هەزار و ۴۶۵ تەن لە ئەم شتومەکانە لە گومرکی کرماشان و پەروێزخان و خەسرەوی و پاوە تۆمار و هەناردە کراوە کە ئەم ڕێژەیەش بەراورد بە ساڵی ڕابردوو لە لە سەدا ۳۲ لە بەهاکەی و لە سەدا ۲۳ لە کێشەکەی کەمی کردووە.
زۆرترینی ئەو شتومەکانەی کە لە ڕێگای گومرکەوە هەناردە کراون بریتین لە فێنککەرەوە و شووتی و پەنیر و دۆشاوی تەماتە و پسکیت و کاشی و سرامیک و خۆراکی منداڵی شیرەخۆر و جۆرەکانی دەسکردە پلاستیکییەکان و شیر و خامە کە ڕێژەی چەورییەکەی لە سەدا یەک یان کەمتر بێت و قوتوو لە مادەی پلاستیکی و قاپوقاچاخی مەلامین و سێوی تازە و زەرف بۆ شتومەک لە نەواری پلی ئتلین یان پروپیلین و هاوشێوەکانی.
کۆتایی/.
February 09, 2021