هۆشیار زێباری، كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری عێراق وێڕای جەخت لە سەر ئەوەی کە کاندیدکردنی بۆ سه‌رۆكایه‌تی كۆمار بڕیاری كۆتاییه‌، وتی لە ناكۆكییه‌كانی شیعی شیعی نیگه‌رانن.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە بە گێڕانەوە لە کەناڵی کوردستان ٢٤، ئه‌م گوتانه‌ی زێباری له‌ میانه‌ی دیمانه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ به‌رنامه‌ی (العاشرة‌ مع كریم حمادي) له‌ كه‌ناڵی ئه‌لعێراقیه‌ هاتوون و گوتی: هیچ نیازێك بۆ لێكترازاندنی ناوماڵی شیعه‌ له‌ ئارادا نییه‌ و سه‌باره‌ت به‌ دوایین سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ نه‌جه‌ف گوتی: "دوایین سه‌ردانمان بۆ نه‌جه‌ف و دیدارمان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز موقته‌دا سه‌در ئه‌رێنی بوو".
هۆشیار زێباری جه‌ختیشیكرده‌وه‌، "ئێمه‌ له‌گه‌ڵ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێكین بۆ ئاڵۆزییه‌كانی نێوان ره‌وتی سه‌در و ئیتاری ته‌نسیقی" و ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "بوونی هه‌ر بۆشاییه‌كی حكومی یان ده‌ستووری، خزمه‌ت به‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئێمه‌ ناكات و به‌ خێرایی كار له‌ پێناو پێكهێنانی حكومه‌تێك ده‌كه‌ین، كه‌ زۆرترین لایه‌نی نیشتیمانی تێیدا به‌شدار بن".
كاندیدی پارتی بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری عێراق دووپاتیكرده‌وه‌، "هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌م دواییه‌ گۆڕانكاریی‌ زۆری له‌ بنه‌مای یارییه‌ سیاسییه‌كاندا كرد" و له‌باره‌ی هاوپه‌یمانێتیی حزبه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی دیكه‌ گوتی: "هاوپه‌یمانێتی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ره‌وتی سه‌در و سیاده‌، به‌هێز و یه‌كگرتووه‌"، پێداگیریشی كرد، "پێویسته‌ لایه‌نێكی دیاریكراوی خاوه‌ن بڕیار هه‌بێت، كه‌ بتوانێت به‌رپرسیارێتی سه‌ركه‌وتن یان شكستخواردن له‌ ئه‌ستۆ بگرێت".
هه‌روه‌ها گوتی: "لێكتێگه‌یشتنی باشمان له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌كان بۆ كۆنترۆڵكردنی چه‌كی بێمۆڵه‌ت هه‌یه‌ و دیدگایه‌كیش بۆ یه‌كخستنی گرووپه‌ چه‌كداره‌كان و به‌هێزكردنی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت له‌ ئارادایه‌ و هیچ نیازێكیش بۆ ده‌ستبردن بۆ حه‌شدی شه‌عبی له‌ئارادا نییه‌".
زێباری له‌ درێژه‌ی دیمانه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "وڵات بۆ هه‌موومانه‌ و هاوبه‌شێتییه‌كه‌شمان پێداگیری له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ مافی هه‌مووان ده‌سته‌به‌ر بكرێت".
تایبه‌ت به‌ كێشه‌كانی ناوماڵی شیعه‌ش، هۆشیار زێباری دووپاتیكرده‌وه‌، "ئێمه‌ له‌ ناكۆكییه‌كانی شیعی شیعی نیگه‌رانین" و له‌باره‌ی كاندیدكردنیشی بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار گوتی: "كاندیدكردنی من بۆ سه‌رۆكایه‌تی كۆمار بڕیاری كۆتاییه‌".