پەرلەمانتارێک لەبارەی ڕۆژی دابەشکردنی موچەی خانەنشینی ڕون کردنەوەی بڵاو کردەوە.
عومەر گوڵپی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بە زایەڵەی ڕاگەیاند: پێشتر، بە نووسراوی فەرمی، داوامانکردبوو، هەروەها پێشنیاری گونجاویشمان خستە بەردەست ئەنجومەنی وەزیران بۆ باشکردنی دۆخی دابەشکردنی مووچەی خانەنشینان و کۆتایهێنان بەو شێوازە کە شایستە نیە بەشکۆی هیچ مرۆڤێک چ جای خانەنشینان بەو تەمەن و دۆخەی تەندروستیانەوە.
وتیشی: بەڵام دانانی ڕۆژی دابەشکردنی مووچەی خانەنشینان لە کۆتا ڕۆژی مووچە یەکێکیتر لە کێشەکانە، بۆیە بەنووسراوی (١٣٨) لە (٢٥ی ١ی ٢٠٢٢)ش داوامانکرد ڕۆژی دابەشکردنی مووچەی خانەنشینان پێش بخرێت و نەخرێتە کۆتا ڕۆژی دابەشکردنی مووچەی هەر مانگێک، چونکە بێجگە لەوەی زۆرینەی مووچەی خانەنشینان مووچەیەکی شایستە نیە لە بنەمادا بەهۆی کەمیەوە، هەروەها تەمەنو خزمەتیشیان شایستەی ڕێزلێگرتنە نەوەک بە پێچەوانەوە.
کامەران کەریم