شەڕ لە نێوان چەند پێشمەرگەیەک و ئاسایشی بازگەی تاسڵوجە دروست دەبێت، بەڕێوەبەری کارگێڕی سەنتەری فریاکەوتنی 122 لە سلێمانی راگەیاند "شەش بریندار هەن، یەکێک لە بریندارەکان گیانی لەدەستداوە."
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، بە گێڕانەوە لە ڕووداو، سەرەتا وا بڵاوکرایەوە کە چەند پێشمەرگەیەکی فەرماندەی هێزی ئاڵتوونیی پێشمەرگە و ئاسایشی بازگەی تاسڵوجە بەشەڕ هاتبن، بەڵام فەرماندەی هێزی ئاڵتوونی رەتیدەکاتەوە و دەڵێت: "شەڕەکە لەنێوان پێنج پێشمەرگەی هێزەکانی کۆماندۆ بووە کە لەدەوام گەڕاونەتەوە لەگەڵ بازگەی تاسڵوجە، ئەویش لەسەر سکاڵای بەڕێوەبەری ناحیەی تەکیە."
بەرهەم محەممەد، فەرماندەی هێزی ئاڵتوونیی پێشمەرگە، لەبارەی شەڕەکەی ئەمڕۆی بازگەی تاسڵوجە گوتی: "نازانم بۆچی ناوی هێزەکەی ئێمە تێکەڵ بەو شەڕە کرا، ئێمە هیچ پەیوەندییەکمان پێیەوە نییە".
لەبارەی وردەکاریی شەڕەکە، فەرماندەی هێزی ئاڵتوونی روونیکردەوە، "پێنج پێشمەرگەی سەر بە هێزەکانی کۆماندۆ کە دەوامیان لە کەرکووک بووە، دەوامیان تەواوبووە و گەڕاونەتەوە، لە رێگەدا لەسەر شکاندنەوەی ئۆتۆمبێل لەگەڵ بەڕێوەبەری ناحیەی تەکیە بووەتە کێشەیان، بەڕێوەبەری ناحیەکەش لە بازگەکە سکاڵای لێکردوون".
زیاتر لەبارەی روودانی شەڕەکە گوتی:"ئەو پێشمەرگانە بە مەدەنی گەڕاونەتەوە و جلوبەرگی سەربازییان نەپۆشیوە، بەڵام چەکەکانیان پێبووە، کە ئەوە قەدەخەیە، کاتێک لە بازگەکە راگیراون و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا کراوە، شەڕەکە روویداوە".
بەڕێوەبەری کارگێڕی سەنتەری فریاکەوتنی 122 لە سلێمانی رایگەیاند "شەش بریندار هەن، یەکێک لە بریندارەکان گیانی لەدەستداوە."
کۆتایی/.
February 10, 2021