سه‌رۆك كۆمارى عێراق نوسراوێك ئاراسته‌ى دادگاى باڵاى فیدراڵى ده‌كات‌و له‌باره‌ى به‌رده‌وامبون له‌پۆسته‌كه‌شى داوای ته‌فسیرى چه‌ند ماده‌و بڕگه‌یه‌كى ده‌ستورو یاسا كارپێكراوه‌كان ده‌كات.

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، به‌گوێره‌ى نوسراوێكى د.به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆمارى عێراق كه‌ ئاراسته‌ى دادگاى باڵاى فیدراڵى كردوه‌ باسى له‌وه‌كردوه‌، به‌پێى ئه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران له‌خولى پێنجه‌مدا داواكاریی هه‌ردوو ماده‌ى 54و 55ى ده‌ستوریان په‌سه‌ندكرد، به‌ڵام دواتر به‌هۆى ئه‌وه‌ى نیسابى یاسایی ته‌واو نه‌بوو نه‌توانرا ماده‌ى 70ى ده‌ستور سه‌باره‌ت به‌هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك كۆمار ئەنجامبدرێت.

سه‌رۆك كۆمارى عێراق ئه‌وه‌شى نوسیوه‌، "ئه‌و ڕێژه‌ یاساییه‌ى كه‌ دادگاكه‌تان دیاریكردوه‌ به‌پێى بڕیارەکانی 9و 10و 16ى فیدراڵى كه‌ له‌3ى 2ى 2022 بڕیارى له‌سه‌ردراوه‌، داوا له‌دادگاكه‌تان ده‌كه‌ین ته‌فسیری ماده‌ى 72ى ده‌ستور بكه‌ن كه‌ ئه‌م ده‌قه‌ یاساییه‌ ناتوانێت چاره‌سه‌رى ئه‌م دۆخه‌ى ئێستا بكات كه‌ تایبه‌ته‌ به‌موماره‌سه‌ى سه‌رۆك كۆمار به‌كاره‌كه‌یه‌وه‌".

د.به‌رهه‌م له‌كۆتاییدا ئاماژه‌ى بەوەداوە، "به‌هۆى ئه‌م دۆخه‌وه داوا لەدادگا بەڕێزەکەتان دەکەم تەفسیری دەستوریمان بدەنێ تایبەت بەسه‌رۆك كۆمارو درێژه‌دان به‌كاره‌كانى بۆ ئه‌وه‌ى بۆشایی ده‌ستوریی دروستنه‌بێت، ئه‌مه‌ش تائه‌وكاته‌ى ماده‌ى 70ى ده‌ستور جێبه‌جێده‌كرێت".