فازڵ میرانى سکرتێرى مەکتەبی سیاسی پارتى رایگەیاند، ئەگەری زۆرە ئەمڕۆ بارزانى و بافڵ تاڵەبانى لەسەر کاندیدێک کە لە هەردوولا نەبێت ڕێکبکەون بۆ پۆستى سەرۆک کۆمار، دەشڵێت پارتى پێویستە کاندیدى یەدەگى هەبێت کە رەنگە فوئاد حسێن بێت

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، میرانی بە دەنگی ئەمەریکاى راگەیاند: ئەمڕۆ (پێنجشەممە) بارزانى و بافڵ تاڵەبانى کۆدەبنەوە، "ئەگەری زۆرە لەسەر کاندیدێک کە لە هەردوولا نەبێت ڕێکبکەوین بەڵام من بە کۆنکریتی ناڵێم، وە لەوانەیە ئەوەش لە بەرژەوەندی هەردوولادا بێت، لەم 72 سەعاتەی دێت هەتا یەکشەممە شتەکان ڕۆشنتر دەبێت". 

وتیشى: "جاران پارتی چی هەبووە کە یەکێتی سەرۆک کۆماری هەبوو حەقە برادەرانی یەکێتیش بێبەش نەبن جێگری سەرۆک وەزیران هەیە، وەزیری دەرەوە هەیە ئێمە کە داوای یەکڕیزی کورد دەکەین خۆناکرێت بڵین هەموو شتێک بۆ ئێمە و یەکێتیش بێبەش بێت جەنابی سەرۆک لەوەدا پێی باشە ئێمە لە کۆتایی تونێلەکەش بین هەر بگەینە ڕێککەوتنێک چ پێکەوە لە تونێلەکە بگەڕێنەوە و چ دەرباز بین بەدڵنیاییەوە ئێمە دەبێت شایستەکانی برادەرانی یەکێتی دابین بکەین." 

لەبارەى دۆسیەکەى زێبارییەوە، میرانى دەڵێت: "پرۆسەکە جارێ چەقیووە، کێشەی کاک هۆشیاریش بە ڕاستی لە گەندەڵی نییە، بەڵکو خراپ بەڕێوەبردنی دارایی بووە بەپێی ڕاپۆرتی بەرایی کە بینیومانە، یاسای کاروباری دارایی هەیە لە وەزارەتەکە ئەوەی ئیشی کردووە ئەو ستافە بەرپرسە لێی". 

جەختیشدەکاتەوە: "ئێمە دەبێت کاندیدێکی ترمان ئیحتیات-یەدەگ هەبێت ئینجا ئێمە لەگەڵ یەکێتی ڕێکبکەوین یان ڕێکنەکەوین دادگای فیدراڵی ڕای خۆی بگۆڕێت یان نەگۆڕێت، ئیحتیات باشە ئێمە کاندیدێکی ترمان دەبێت، کە رەنگە فوئاد حسێن بێت". 

میرانى ڕاشیگەیاند: "منیش سەرسوڕماوم بۆ ئێمە و یەکێتی لەسەر ئەم پۆستەی کە هیچ پێشبینیەکی زیادی لێناکرێت بۆ دەستی یەکتر بشکێنین لەسەر ئەم پۆستە".