هەماهەنگی دادی و یاسایی لە دیداری سەرۆک کۆماری عێراق و سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری ئێران تاوتوێ کران.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، بەرهەم ساڵح لەم دیدارەدا لەگەڵ ئایەتوڵڵا ڕەئیسی ڕایگەیاند:  دەوڵەتانی ناوچەكە لە بەردەم بەرپرسیاریەتییەكی گەورەی مێژوییدان، بۆیە گرنگە گشت ھەوڵەکان یەکخرێن لە پێناو ھێنانەکایەوەی رێگەچارەی گونجاو بۆ کێشەکان و کۆتایی ھێنان بە قەیران، گرژییەكان، چەسپاندنی سەقامگیری و ئارامی لە ناوچەکەدا.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاویکردەوە، د. بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە  لە كۆشكی سەلام لە بەغدا پێشوازیکرد لە ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری ئێران و شاندی یاوەری و لەو دیدارەدا بە گرنگییەوە باس لە پەیوەندییە دوقۆڵییەكانی نێوان ھەردو وڵات و گەلی دۆست كرا، کە بەیەکەوە گرێدراون لە بوارەکانی كۆمەڵایەتی و ئاینی و رۆشنبیری و جوگرافی.
ئەوەش هاتوە، لەدیدارەکەدا دوپاتکرایەوە لە پێویستی پتەوکردنی پەیوەنییەکانی نێوان عێراق و ئێران لە سەرجەم بوارەكاندا، بەتایبەتی ئاڵوگۆڕکردنی شارەزایی و توانای زانستی و چالاککردنی رێككەوتننامەکانی نێوان ھەردو وڵات، ھەروەھا گرنگی ھەماھەنگی و ھاریکاریکردنی یەکدی لە ھەردو بواری دادوەری و یاسایی، بەجۆرێک خزمەت بە ھەردو گەلی دۆست بکات.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا بەرهەم ساڵح جەختی كردەوە كە دەوڵەتانی ناوچەكە لە بەردەم بەرپرسیاریەتییەكی گەورەی مێژوییدان، بۆیە گرنگە گشت ھەوڵەکان یەکخرێن لە پێناو ھێنانەکایەوەی رێگەچارەی گونجاو بۆ کێشەکان و کۆتایی ھێنان بە قەیران و گرژییەكان و چەسپاندنی سەقامگیری و ئارامی لە ناوچەکەدا، ھاوکات سەرۆک بەرھەم دوپاتیکردەوە کە پاراستنی ئارامی و سەروەری عێراق دەبێتە سەکۆیەک بۆ ئاسایشی ناوچەکە و ھێنانەدی بەرژەوەندییەكانی سەرجەم گەلانی ناوچەكە.
سەرۆکایەتی کۆماری عێراق ئەوەشی خستوەتەڕو، ئیبراهیم رەئیسی سڵاو و رێزی رابەری کۆماری ئیسلامی ئێرانی گەیاندە گەل و دەوڵەتی عێراق، ھەروەھا پشتیوانی وڵاتەکەی دوپات کردەوە بۆ حكومەتی عێراق لە ھەوڵەکانی بۆ ریشەکێشکردنی تیرۆر و چەسپاندنی پایەكانی سەقامگیری و ئاسایش و ئارامی ھاوڵاتیانی عێراق بە مەبەستی روبەڕوبونەوەی ئاڵینگارییەکان.
کۆتایی/.