حكوومهتی ههرێمی كوردستان لەبارەی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی هاتە دەنگ و رایگەیاند کە ئەم بڕیارە نادادپەروەرانە و نادەستوورییە و دژ بە ماف و دەسەڵاتە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانە و قبوڵکراو نییە".
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، حكوومهتی ههرێمی كوردستان سێشەممە شەو 15/2/2022، لەبارەی بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگای فیدڕاڵی راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەداوە دەنگ: "ئەم بڕیارە نادادپەروەرانە و نادەستورییە و دژ بە ماف و دەسەڵاتە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستانە و قبوڵکراو نییە و پێویست بوو دادگا لێکۆڵینەوەکانی فراوانتر بکات و رەچاوی داواکارییەکانی هەرێمی کوردستانی بکردایە".
ئەوەش خراوەتە روو: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستبەرداری مافەکانی هەرێمی کوردستان نابێت کە لە دەستوری عێراقدا جێگیرکراون، لەم سۆنگەیەشەوە حکومەتی هەرێم لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی دەستوری بنەڕەتی بۆ ئەم بابەتە".
دهقی راگهیهندراوەکە:
هەرێمی کوردستانی عێراق لە روانگەی باوەڕبوونی بە دەستوری عێراقی فیدڕاڵ ساڵی 2005، کە لە ماددەی 117دا دانیناوە بە هەرێمی کوردستان وەک هەرێمێکی فیدڕاڵی بە سەرجەم دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەرییەوە، و دەسەڵاتەکان دابەشکران لە نێوان دەسەڵاتە فیدڕاڵییەکان وهەرێمەکان و لە دەستووری عێراق جێگیرکرا کە بواری نەوت و گاز لە دەسەڵاتی حەصری حکومەتی فیدراڵی نیە بە پێی ماددەی 112ی دەستور و ئەم ماددەیەش دانی ناوە بە مافی هەرێمی کوردستان بۆ دەرهێنان و پەرەپێدانی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان، و لە ڕوانگەی کاری پێکەوەیی لەم بوارەدا کە لە مادەی 112ی دەستوردا هاتووە هەرێمی کوردستان هەنگاوی نا بۆ ئەوەی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی یاسایەک دەربکات بۆ نەوت وگاز کە ڕەشنووسەکەشی ئامادەکرا و پەسەندکرا لەلایەن هەردوولاوە لە شوباتی ساڵی 2007 و لە کۆنووسی ئامادەکردنی رەشنووسەکەشدا هاتووە هەردوولا رێکەوتن ئەگەر لە ماوەی شەش مانگی داهاتوودا پرۆژە یاساکە دەرنەچووێندرا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەو داڕشتنەی کە هەردوولا پەسەندیان کردبوو ئەوا هەردوو حکومەت سەرپشکن لە پەرەپێدانی سێکتەری نەوت وگاز.
لەبەر ئەوەی ڕەشنووسە هاوبەشەکە یەک لایەنە لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە گۆڕانکاری جەوهەری تێدا کرا بەبێ هەرێمی کوردستان، بە جۆرێک پڕۆژەکە خاڵیکرایەوە لە دەسەڵاتە دەستوورییەکانی هەرێم، بۆیە پەرلەمانی کوردستان بە پشتبەستن بە دەسەڵاتە دەستورییەکان یاسای نەوت و گازی هەرێمی تەشریع کرد و لە دوای کەوتنە بواری جێبەجێ ئەم یاسایە، کۆمپانیا نەوتییە گەورەکانی دونیا بە سەرمایەی گەورە وەبەرهێنانیان لەم بوارە کرد بۆ گەڕان بەدوای نەوت و پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکان دوای دۆزینەوەی نەوت.
لە دوای بڕینی بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان لە شوباتی ساڵی 2014 یەکلایەنە لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵەوە و پێش ئەوەی هەرێمی کوردستان نەوت هەناردەی دەرەوەی بکات، و لە ئەنجامی ڕووبەڕوو بوونەوەی هەرێم بۆ قەیرانێکی دارایی گەورە لە مانگی ئایاری 2014 نەوتی هەرێم هەناردە کرا بۆ دابینکردنی مووچە و خزمەتگوزارییە گشتییەکان، لەو کاتەشەوە هەرێمی کوردستان بەردەوام بووە لە گفتوگۆکردن بۆ گرتنەبەری رێکاری دەستوری هاوبەش، لە دوایین وێستگەشدا هەردوولا لە چوارچێوەی یاسای بوودجەی عێراقی فیدراڵدا لە ساڵی 2021 رێکەوتن کە هەرێمی کوردستان مافی دەرهێنان و هەناردەکردن و فرۆشتنی نەوتی هەیە، و داهاتی فرۆشتنی 250 هەزار بەرمیلی نەوتی هەرێمیش رۆژانە بدرێتەوە بە حکومەتی فیدراڵی، لە هەمانکاتدا هەر دوولا لێکتێگەشتنێکی هاوبەشیان هەبوو بۆ داڕشتنی پرۆژە یاسای نەوت و گازی فیدراڵی بە پشتبەستن بە ماددەی 112ی دەستور ئەمەش دەرخەری ئەو راستییەیە کە هەرێمی کوردستان باوەری بە کاری پێکەوەیی لە چوارچێوەی دەستوور لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی هەیە بۆ داڕشتنی ستراتیژیەتی نەوت و گاز لە سەرتاسەری عێراق.
لە کاتێکدا دەبوو هەموو لایەنەکان پاڵپشتی ئەو کەشە ئەرێنییەیان بکردایە لە نێوان حکومەتی هەرێم و فیدڕاڵ، بەڵام دادگای باڵای فیدڕاڵی ئەمڕۆ بڕیارێکی دەرکرد بەبێ ڕەچاوکردنی بنەما دەستوورییەکان بە پشتبەستن بە یاسا مەرکەزییەکانی رژێمی بەعسی پێشوو کە ناکۆکن لەگەڵ بنەماکانی فیدڕاڵیەتدا، و ئەرکی دەسەڵاتە فیدڕاڵییەکانیشە ئەو یاسا مەرکەزییانە لە دوای ساڵی 2005ەوە هەڵبوەشێننەوە لە ناویشیاندا یاسای وەزارەتی نەوتی ژمارە 101ی ساڵی 1976، سەرەرای ئەوەی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی چەندین سەرپێچی یاسایی و رێکاری دادبینی تێدایە وەکو یەکخستنی دوو داوای جیاواز بەبێ بوونی بنەمای یاسایی.
بۆیە ئەم بڕیارە ئەبێتە هۆکاری زیاتر ئاڵۆزکردنی بابەتەکە و چارەسەرنەکردنی کێشەکە
لەبەر رۆشنایی ئەو راستییانەی سەرەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە لەسەر:
1. ئەم بڕیارە نادادپەروەرانە و نادەستورییە و دژ بە ماف و دەسەڵاتە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستانە و قبوڵکراو نییە و پێویست بوو دادگا لێکۆڵینەوەکانی فراوانتر بکات و رەچاوی داواکارییەکانی هەرێمی کوردستانی بکردایە.
2. حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستبەرداری مافەکانی هەرێمی کوردستان نابێت کە لە دەستوری عێراقدا جێگیرکراون، لەم سۆنگەیەشەوە حکومەتی هەرێم لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی دەستوری بنەڕەتی بۆ ئەم بابەتە، سەرەڕای ئەوەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای کرد و هەوڵیدا کە ئەم داوایە دوابخرێت و دەرفەتێک بدرێت بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی داهاتوودا ڕێکبکەوێت.
3. حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو رێکارێکی دەستوری و یاسایی و دادوەری دەگرێتەبەر بۆ دەستەبەرکردن و پاراستنی هەموو ئەو گرێبەستانەی کە لە بواری نەوت و گازدا کراون.
حکومەتی هەرێمی کوردستان
15/2/2022
February 15, 2022