خولی "شێوازی داڕشتنی راپۆرت و چۆنیه‌تی دروستكردنی هه‌واڵ" بۆ رۆژنامه‌نوسانی سلێمانی  له ‌ناوه‌ندی فێركاریی شه‌هید به‌هه‌شتی له‌ شاری ئه‌سفه‌هان له‌ مه‌راسیمێكی تایبه‌تدا پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 18-2-2022 كۆتایی هات .
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، له‌ مه‌راسیمه‌كه‌دا مامۆستایان و سه‌رپه‌رشتیارانی خوله‌كه‌ قه‌ڵغانی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانی كوردستانیان پێشكه‌شكرا.
له‌ وته‌یه‌كیشدا كاروان ئه‌نوه‌ر سكرتێری لقی سلێمانی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانی كوردستان سوپاس و پێزانینی سه‌ندیكا و رۆژنامه‌نوسانی به‌شداربووی خوله‌كه‌ی گه‌یاند به‌ مامۆستایان و سه‌رپه‌رشتیارانی خوله‌كه‌ و وتی : ”خۆشحاڵین له‌ دوای نزیكه‌ی 90 سه‌عات خوێندنی وانه‌ی تایبه‌ت به‌ بواری راگه‌یاندن ، به‌شێوه‌ی تیۆری و پراكتیكی ، تیمێكی رۆژنامه‌وانی پڕ زانیاریی ده‌به‌ینه‌وه‌ شاری سلێمانی.
كاروان ئه‌نوه‌ر وتیشی، سوپاسی وه‌زاره‌تی رۆشنبیریی كۆماری ئیسلامیی ئێران و ده‌زگای جام كوردی ده‌كه‌ین ، كه‌ بۆ ماوه‌ی یه‌ك هه‌فته‌ له‌پێشوازیی رۆژنامه‌نوسانی سلێمانیدا بوون به‌ دابینكردنی شوێنی وانه‌ وتنه‌وه‌و شوێنی حه‌وانه‌ و هاتۆچۆ له‌ناو شاری ئه‌سفه‌هان  .
شایه‌نی باسه‌، خوله‌كه‌ له‌مانگی 12 ی ساڵی رابردوو له‌شاری سلێمانی به‌ڕێوه‌چوو ، كه‌تێیدا 17 رۆژنامه‌نووس و خوێندكاری زانكۆ له‌ میدیا جیاوازه‌كانی سلێمانی به‌شداربوون، كه‌ پێشتر قۆناغی یه‌كه‌می خوله‌كه‌یان له‌سلێمانی ته‌واوكردبوو، ئه‌مڕۆش قۆناغی دووهه‌میان به‌سه‌ركه‌وتوویی ته‌واو  كردو به‌هۆی بارودۆخی كۆرۆناو داخستنی هه‌ندێك له‌ دام و ده‌زگاكانی ئێران وه‌رگرتنی بڕوانامه‌كان دواخراو بڕیاره‌ له‌داهاتوییه‌كی نزیكداو له‌ مه‌راسیمێكی تایبه‌تدا له‌ پارێزگای سلێمانی بڕوانامه‌ی باوه‌ڕپێكراو به‌سه‌ر  به‌شداربووه‌ سه‌ركه‌وتووه‌كاندا دابه‌شبكرێت.