سەرۆکی شارەوانی شارەزوور ئاشکرای کرد کە بەهۆی خەرج نەکردنی پارە کۆمپانیای پاکەرەوە کارەکانیان ڕاگرتووە
سالار ئەحمەد ڕەشید، سەرۆکی شارەوانی شارەزوور  بە زایەڵەی  ڕاگەیاند،  بەداخەوە جارێکی تر تووشی گرفتی ڕاوەستانی کارەکانی ئەو کۆمپانیایە بووینەوە کە ئەرکی هەڵگرتنەوەی خۆڵ و خاشاک لە ئەستۆ دەگرێ ،ئەم گرفتە تەنها لە قەزای شارەزوور نیە گرفتی کۆی شارەکانی ئەم ناوچەیە لەوەش سەرچاوەی گرتووە کە وەزارەتی دارای خەرجی مانگانەی کۆمپانیاکان سەرف ناکا هەر بۆ نمونە کۆمپانیای گەردی کە لەسنووری شارەوانی شارەزوور کار دەکا پێنج مانگە پارەیان بۆ سەرف نەکراوە ئەمە بۆ سەرجەم کۆمپانیاکانی تریش وایە و بگرە خراپتریشە .
وتیشی، چارەسەری ئەم گرفتە نەلای شارەوانیەکانە هەتا لای وەزارەتی شارەوانیش نیە و چەکی خەرجی بودجەی کۆمپانیاکان کراوە بەڵام کە دەبرێتە بانک بۆیان سەرف ناکرێ بۆیە چارەسەر لای سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایە و بەردەوام لەهەوڵداین بۆ چارەسەرکردن بەڵام تا ئەم ساتە ئەنجامی نیە
بۆیە تکام لەهاوڵاتیانە شارەوانیەکان و ستافەکەی بەخەتابار نەزانن و زبڵ و خاشاکیش لەو شوێنە ڕۆبکەن کە بۆ ئەو مەبەستە دەگونجێ و ئێمە مانان دروستکەری گرفتەکە نین و لەدەسەڵاتی ئێمەش نیە چارەسەر و ئەوەی لەسەر ئێمە بێت کردوومانە .
ڕونیشیکردەوە، بۆ زانیاری بەڕێزیشتان لە تەواوی شارەوانیەکان هیچ ئامێرێکی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک نەماوە و کرێکاری پاکەوان نیە تا شارەوانیەکان ئەرکەکە بگرنە ئەستۆ داواکاریشم لە ئەندام پەڕلەمانەکانی ئەم ناوچە و پارێزگار و قائیقامەکان ئەوانیش لەڕێگەی خۆیانەوە هیمەت بکەن بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتە ئەگەر چارەسەر نەکرێ ژیانی هاوڵاتی لە مەترسیدایە .
کامەران کەریم