ئەندامى ئەنجومەنى باڵاى سیاسی و بەرژەوەندى یەکێتى رایگەیاند، یەکەمین شت رەنگە دواى بڕیارەکەى دادگاى فیدراڵى بەرێوەبێت کۆنتڕۆڵکردنى گومرگەکانە، "ئەوەم پێخۆشە" بەڵام بەمەرجێک بە هەماهەنگى بێت لەگەڵ هەرێم.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، مەلا بەختیار ئەندامى ئەنجومەنى باڵاى سیاسی و بەرژەوەندى یەکێتى لە میانەی کۆڕبەندی سەنتەری نالیا بۆ لێکەوتەکانی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق لەبارەی نادەستوری ناساندنی یاسای دەستوری نەوت و گازی هەرێم (دووشەممە 21-2-2022) وتى: "دوای ئەوەی دوورخستنەوەی هوشیار زێبارییان بۆ چووە سەر بڕیاری نەوتیان داو بڕیاری دوورخستنەوەی رێبەر ئەحمەدیش بەڕێوەیە کە نەهێڵن کاندیدبێت بۆ سەرۆک کۆمار".
وتیشى: "سەرەڕاى ئەوە یەکەمین شت رەنگە دواى بڕیارەکەى دادگاى فیدراڵى بەرێوەبێت کۆنتڕۆڵکردنى گومرگەکانە، ئەوەم پێخۆشە بەڵام بەمەرجێک بە هەماهەنگى بێت لەگەڵ هەرێم، ئەو بەرەڵاییەى هەیە ئەو گەندەڵییەى دروستکردووە و حزب و سەرکردەکانى شەرمەزار کردووە".
مەلا بەختیار دەشڵێت، ئەگەر حکومەتى هەرێم بیر لە رەوانەکردنى شاندێکى دانوستانکارى پسپۆڕ نەکاتەوە بۆ گفتوگۆى جدى لەگەڵ بەغدا، لێکەوتەى خراپى دەبێت، پارتى و هاوپەیمانەکانى 173 کورسییان هەیە و پێویستە بەکارى بهێنن بۆ ئەم دۆخەى ئێستا کە روبەڕووى هەرێم بووەتەوە نەک بۆ شەڕى سەرۆک کۆمار.