قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكیدا دەربارەی گیان لەدەستدانی شنیار هونەر ئەو ژنەی لە سلێمانی هاوسەرەكەی سوتاندی رایگەیاند، شنیار تەنها تاوانی ئەوە بوو ژن بوو.

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، قوباد تاڵەبانی لە پەیامێكدا نوسیویەتی، شنیار هونەر تەنیا تاوانی ئەوە بووە كە ژن بووە، نیگەرانن كە هێشتا لە كۆمەڵگەیەكدا دەژین پیاوانێك هەن وابیردەكەنەوە كە هەڕەشە، ئازاردان و كوشتنی ژنان ئاساییە.

لە پەیامەكشدا هاتووە، ئەركی ئێمە تەنها گرتن و سزادانی ژنكوژان نییە، بەڵكو وەك كۆمەڵگا پێكەوە بە پیر و گەنج، حكومەت و كۆمەڵگای مەدەنی، دادگا و مزگەوتەكان، بە یەك دەنگ بڵێین بەسە، چی دی جێی قبوڵ نییە و كاتی كۆتاییهێنانە بە كلتوری ژن كوشتن.

شنیار هونەر دانیشتوی شاری سلێمانی بوو، دوای ئەوەی لە لایەن هاوسەرەكەیەوە دەسوتێنرێت بە هۆی زۆری رێژەی سوتاویەكەیەوە لەدوای 5 رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەمە گیانی لە دەستدا.

ڕۆژی 21ی شوباتی 2021، بەشی جێندەری نوسینگەی قوباد تاڵەبانی و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان سەردانی شنیاریان کرد و ڕایگەیاند، "تەندروستیی ناجێگیرە و 85%ی جەستەی سووتاوە."

ئاشتی عەبدوڵا، بەرپرسی بەشی جێندەری نوسینگەی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "بەداخەوە تەندروستیی شنیار جێگیر نییە و 85%ی جەستەی سووتاوە."

هاوکات بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان لە سلێمانی ڕایگەیاند، "وەک هەموو حاڵەتێکی دیکە ئەم دوو هاوسەرەش کێشەیان هەبووە و شنیار جارێک پەیوەندیی کردووە بە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، بەڵام دواتر نەهاتووە بۆ سکاڵا تۆمارکردن."