مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی له‌ باره‌ی گیانله‌ده‌ستدانی شنیار هونەر، ئه‌و ژنه‌ی له‌ لایه‌ن هاوسه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ سووتێندرا بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، هیچ  شه‌ره‌فێك له‌ ژن كوشتندا نییه‌.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، له‌ په‌یامه‌كه‌دا هاتووه‌: "تەنیا لەم ساڵەدا، 9 ئافرەتی بێتاوان ‌لە ئەنجامی توندوتیژی خێزانییەوە کوژراون، ئەم تاوانانە‌ ده‌بێت بوەستن و وەک خەڵکی کوردستان، نابێت قبوڵی بکەین، وەک حکومەتیش ئێمە ھاوکار و پاڵپشتی دادگا دەبین لەسەپاندنی توندترین سزا بۆ ئەم تاوانانە".
ده‌قی په‌یامه‌كه‌
زۆر نیگەران و خه‌مبارم به‌ ڕووداوەکانی ئەم دواییەی توندوتیژی دژ بە ژنان و ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان. لێره‌دا دووباره‌ی ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ هیچ شه‌ڕەفێک له‌ ژن كوشتندا نییه‌.
لەگەڵ وەزیری ناوخۆ لەسەر ڕووداوی دڵته‌زێنی شنیار خان گفتوگۆمان كرد و ستایشی كارمه‌ندانی پۆلیسم کرد بۆ دەستگیرکردنی تاوانباره‌كه‌ و پشتگیری خۆمم بۆ سزادانی تاوانباران دووپات کردەوە.
تەنیا لەم ساڵەدا، 9 ئافرەتی بێتاوان ‌لە ئەنجامی توندوتیژی خێزانییەوە کوژراون، ئەم تاوانانە‌ ده‌بێت بوەستن و وەک خەڵکی کوردستان، نابێت قبوڵی بکەین، وەک حکومەتیش ئێمە ھاوکار و پاڵپشتی دادگا دەبین لەسەپاندنی توندترین سزا بۆ ئەم تاوانانە.
من سوورم لە سەر پاراستنی هەموو ژن و کچ و منداڵێک كه‌ له‌ مه‌ترسیدان. دەزانم کە پێویستی بە کات و پابەندبوونێكی جدی هەیە، ھەربۆیە بنبڕکردنی ئەم دیاردە نامرۆڤانەیە، پێویستی بە به‌شداریی هه‌موومان هەیە وەک چالاکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی و به‌رپرسان و کەسایەتییە ئاینیی و کۆمەڵایەتییەکان ، ھەروەھا پێویستمان بە ئەنجامدانی چاكسازیی لە سیستەمی دادوەریدا ھەیە .
ئێمە ھەموو ھەوڵی خۆمان دەخەینەگەڕ بۆ کۆتاییھێنان بەم تاوانانە .
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان
ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان