ڕێککەوتنی 16 خالی هاوکاریی نێوان دوو پارێزگا لە بوارە جیاوازەکان لە نێوان پارێزگارانی هەولێر و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا واژۆ کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و محەمەد سادق موعتەمدیان، پارێزگاری ئازەربایجانی ڕۆژئاوا ڕێککەوتنێکی 16 خاڵیان بۆ پەرەپێدان و پتەوکردنی هاوکاریی نێوان دوو پارێزگا لە بوارە جیاکاندا واژۆ کرد.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، رۆژی سێشەممە 2022.2.22 لەدیوانى پارێزگا، پێشوازى لە محەمەد سادق موعتەمێدیان، پارێزگاری ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و شاندێکى باڵای یاوەرى کرد.
لەدیدارەکەدا کەهەریەک لە نەسرووڵا ڕەشنودی، سەرکۆنسووڵی گشتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر و هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیارى ئیدارەى سەربەخۆى سۆران و هێمن قادر و مەسعود کاڕەش، جێگرانى پارێزگارى هەولێر و نادر سادقى، جێگرى پارێزگارى ئورمیە بۆکاروباری ئابووری و کمال حسێن پور، نوێنەرى هەڵبژێردراوى پیرانشار و سەردەشت لە پەلەمانی ئێران و عەبدوڵڵا ئاکرەیی، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران و ژمارەیەکی دیکە لە بەرپرسانی باڵای هەردوولا ئامادە بوون، پارێزگاری هەولێر وێڕاى بەگەرمى بەخێرهێنانى بەڕێزیان جەختی لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو پارێزگا و بەهێزکردنی جموجۆڵی بازرگانی و ئابووری نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان لەخاڵی سنووری حاجی ئۆمەران-تەمەرچین کردەوە.
سێشەممە شەو 2022.2.22، بەسەرپەرشتی هەردوو پارێزگار لەدیوانى پارێزگاى هەولێر، بەمەبەستى پتەوکردنی پەیوەندییە گشتییەکانی نێوان هەردوولا و بەهێزکردنی جموجۆڵی بازرگانی و ئابووری نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان لە خاڵی سنووری حاجی ئۆمەران - تەمەرچین و گەیشتن بە ڕێککەوتن دوای واژووکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن و دانانى ڕێو شوێن و میکانیزمى پێویست و ئاسانکارى و هاریکارى نێوانیان و دەرکردنى بڕیار و ڕێکارى دروست بۆ چارەسەرکردنى تەواوى ئەو کەم و کوڕى و کێشە و گرفتانەى هەن، کۆبوونەوەیەکى فراوان ئەنجامدرا.
لەکۆبوونەوەکەدا، دواى خوێندنەوەی تەواوی خاڵەکانی یاداشتی لێکتێگەیشتنی هەردوولا و خستنەڕووی سەرنجى ئامادەبووان لە پێناو بەرەوپێشبردن و باشترکردن و بەهێزکردنى جوڵەى بازرگانی و ئابووری نێوان هەرێمى کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران، کۆبوونەوە گەیشتە چەند بڕیار و ڕاسپاردایەک کە چوارشەممە لەچوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان هەردوولا واژوو کرا.
پارێزگاری هەولێر لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا، لەگەڵ پارێزگاری ئازەربایجانی ڕۆژئاواڕایگەیاند: "دوای ئەوەی لە 2021.12.26 لەسەردانمان بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران و واژووکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوانمان بۆ بەرەپێشبردنی پەیوەندیەکان و باشترکردن جوڵەی بازرگانی کە بوو بەبنەمایەک بۆئەوەی ئەمڕۆ لەکۆبوونەوەیەکی دوور و درێژدا بگەین بە ڕەشنووسی ڕێکەوتنێک کە پێکهاتووە لە 16 خاڵ لەنێوان هەردوو پارێزگا بۆ پەرەپێدانی پتری پەیوەندییە کەللتوری و هونەری و ئابووری و بازرگانی و زانستی نێوان زانکۆکانی هەولێر و ئورمیە و باشترکردنی جوڵەی بازرگانی لە هەردوو دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران و تەمەرچین".