کۆبوونەوەی هاوبەشی لێکۆڵینەوە و دەرخستەی دروستکردنی ناوچەی ئازادی هاوبەشی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستانی عێراق بەڕێوەچوو.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، هاوکات لەگەڵ دەسپێکردنی پرۆسەی دروستکردنی  ناوچەی ئازادی بانە- مەریوان، پاش نیوەڕۆی رۆژی دووشەمە 28ی شوباتی 2022ی زاینی، کۆبوونەوەیەکی هاوبەش بە ئامانجی لێکۆڵینەوە و دەرخستەی دروستکردنی ناوچەی ئازادی هاوبەشی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستانی عێراق لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی قایمقامیەتی مەریوان و بە ئامادەبوونی د.سەعید محەمەد راوێژکاری سەرۆک کۆمار و سەرۆکی دامەزراوەی ئەنجومەنی باڵای ناوچەکانی ئازادی بازرگانی- پیشەسازی و تایبەتی ئابووری ئێران و د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پاریزگاری سلێمانی بەرێوەچوو.
لەم کۆبوونەوەیەدا بە ئامادەبوونی نوێنەری خەڵکی مەریوان و سەوڵاوا و بانە و سەقز لە پەرلەمانی ئێران و مەهدی شوشتەری سەرکونسوڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سلێمانی، جێگری پارێزگاری کوردستان و بەرێوبەرانی پارێزگا و مەرزی ئێران و هەرێمی کوردستان و سەرۆکانی ژوورە بازرگانیەکانی سنە و سلێمانی، لایەنی ئێرانی باسیان لە تایبەتمەندی و سودە و لێخۆشبوونەکانی ناوچە ئازادەکانی ئێرانیان بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی کرد.
لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا هەردوولا پێشنیاری دروستکردنی ناوچەی ئازادی هاوبەشی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان و سلێمانی و کاریگەری لەسەر پەرەپێدان و پتەوکردنی هاوکارییە بازرگانی و ئابووریەکانی نێوانیان و دابینکردنی ئاسایشی بەردەوام لە ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
لای خۆیەوە پارێزگاری سلێمانی رەزامەندی و پشتگیری ئەو پارێزگایەی بۆ پێشنیاری دروستکردنی ناوچەی ئازاد دەربڕی و بڕیاردرا لە ئایندەدا دانوستاە پسپۆڕیەکان لەم بارەیەوە درێژەی هەبێت.