وتەبێژی گومروکی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند کە هاوردەکردنی ئەم وڵاتە لە وڵاتی عێراق لە ماوەی ١١ مانگی ئەمساڵی هەتاویدا لە ڕووی قەبارەوە زیاتر لە هاوردەکردن لە ماوەی ٢٠ ساڵی دوایی بووە.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، سەید ڕوحوڵڵا لەتیفی وتەبێژی گومروکی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند لە ١١ مانگی ساڵی ١٤٠٠ هەتاوی (مارسی ٢٠٢١ تا فێبریڤەری ٢٠٢٢) زیاتر لە ٢٨ ملیۆن تەن کاڵا بە بایەخی ٨ ملیار و ٢٢٢ ملیۆن دۆلار لە ئێرانەوە هەناردەی عێراق کراوە کە لە چاو هەمان ماوە لە ساڵی ڕابردوو لە ڕووی کێشەوە ١٧ لەسەد و لە ڕووی بایەخەوە ٢٠ لەسەد زیادی کردووە.
لەتیفی ئاماژەی بەوەش دا؛ ئەم ڕێژە هەناردەکردنەی ئێران بۆ عێراق لە ڕووی کێشەوە ٢٥ لەسەد و لە ڕووی بایەخەوە ١٩ لەسەدی کۆی گشتیی هەناردەی وڵاتە.
وتەبێژی گومروکی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕاشیگەیاند قەبارەی هاوردەکاریی لە وڵاتی عێراق لە ماوەی ئەم ١١ مانگە ٢ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار تەن و زیاتر لە ١ ملیار دۆلار بووە کە بەرزترین ڕێژە لە ماوەی ٢٠ ساڵی دواییە.