مامۆستایەک ئاشکرایدەکات، بەهۆی دواکەوتنی مووچە و نەبوونی ئاسۆیەکی ڕوون بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان، جارێکیتر مامۆستایان پەنایان بردەوە بۆ بایکۆتی هۆڵی خوێندن، هەمیشە دابەش بوونێك بەدی دەکرێت و ڕەنگ دەداتەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و گروپی قوتابخانەکان و ناو قوتابخانەکانیش، هەندێك جار دەبینین کەدابەشبوونەکە هەندێك تێڕوانینی سلبی دروست دەکات بەرامبەر بەیەك .
عوسمان گوڵپی مامۆستا بە زایەڵەی  ڕاگەیاند،  بایکۆت وەك یەکێك لە میکانیزمەکانی فشار ڕێگایەکی دروستە، دەکرێت وەك هەڵوێستێکی شەخسی لێکی بدەینەوە، کاتێك فەرمانبەرێك بەپێی گرێبەستێك لە کەرتێکدا کار دەکات لە بەرامبەر مافێك، کە مافەکەی پێنادرێت ئەویش کارەکەی ڕادەگرێت.من پێمخۆشە هەموو مامۆستایان یەك هەڵوێست و یەك دەنگبن، بەڵام کە یەك دەنگ نابن نابێت ڕەنگبداتەوە وسەربکێشێ بۆ دابەشبوون و دروستکردنی بۆشایی لە نێوانیاندا، نە من بەهۆی ئەوەی بایکۆتی دەکەم قارەمانم و نەتۆش لەبەر ئەوەی دەوام دەکەیت دەبیتە خائین و کۆیلە .
وتیشی، من و تۆ پێکەوە مامۆستاین، هاوڕێین و کەسی یەکەین، هیچ پێویست ناکات هەڵوێستەکانمان بەیەك بفرۆشینەوە و بکەوینە وێزەی یەك، تۆ دنیایەك قسە بۆ من ڕیز بکەیت وەك پاساو بۆ ئەوەی دەوام دەکەیت و منیش دنیایەك پاساو بۆ تۆ تا پێت بڵێم بێ هەڵوێست، دەبێت کارێك نەکرێت کە هەڵوێست بەسلبی بەسەر توێژەکەدا بشکێتەوە ،منێکی بایکۆت چی هێندەی ئەومامۆستایە دڵسۆزم کە باوەڕی بە بایکۆت نەماوە، ڕەنگە ئەو بێ هیواییەکەی لە من و تۆ زیاتربێت و ئەسڵەن باوەڕی بەخەباتی مەدەنی نەمابێ تا ڕۆژێك توڕەییەکەی دەتەقێتەوە، ڕەنگە ئەو پێیوابێ بایکۆت هەڵوێستێکی بێ بەرهەمە، بە پێچەوانەوە من و تۆش دەیان هۆکار ڕیز دەکەین بۆ ئەوەی بایکۆت وەك کەرەستەیەکی باشی فشار بناسێنی .
ڕونیشیکردەوە، لە هەردوو حاڵەتەکەدا دەبێت سنگفراوان بین بەرامبەر بەیەك تا بتوانین سەنگەری خەباتی مەدەنی وهەڵوێستی داهاتوو فراوانبێت، چونکە دابەشبوون و پەرتبوون و دوورکەوتنەوەی توێژەکان لەیەك و ڕقەبەرایەتی و دژایەتیکردنی یەك مەترسیەکەی لە نەدانی موچە زیاترە وکاریگەریەکەشی زیاترە ،لە کۆتایدا دەڵیم، نە منی بایکۆتچی قارەمانم و نە تۆی پابەند بەدەوام خائین، من باوەڕم وایە مرۆڤ نابێت لەبەردەم زەوتکردنی مافەکانیدا بێدەنگبێت و دەبێت بەهەر جۆرێكبێت بێتە دەنگ ئەگەرچی سەد لەسەدیش بزانێ هیچ سودی نیە، چونکە دواجار تۆ دەبیتە مرۆڤێکی زیندووی نێو کۆمەڵگە و توانیوتە بڵیی نا، ئەو نایە دەبێتە مێژووی تۆ.
کامەران کەریم