سه‌ركونسوڵی ئێران له‌ سلێمانی په‌یوه‌ندییه‌كانی كۆماری ئیسلامی ئێرانی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان و حیزبی سۆسیال دیموكراتی كوردستان به‌ مێژوویی ناوبرد‌ و هیوای خواست‌ ئه‌م په‌یوه‌ندییانه‌ پته‌وتر بێت.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، مه‌هدی شوشته‌ری سه‌ركونسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران له‌ سلێمانی به‌ ناردنی په‌یامێك كه‌ ئاڕاسته‌ی محمد حاجی محمودی كردووه‌، پیرۆزبایی به‌ڕێوه‌چوونی سه‌ركه‌وتوانه‌ی حه‌وته‌مین كۆنگره‌ی حیزبی سۆسیال دیموكراتی كوردستان و سه‌رله‌نوێ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی به‌ڕێزیانی وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌و حیزبه‌ كردووه‌.
سه‌ركونسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران له‌ به‌شێك له‌ په‌یامه‌كه‌ی دا په‌یوه‌ندییه‌كانی كۆماری ئیسلامی ئێرانی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستانی عێراق و حیزبی سۆسیال دیموكراتی كوردستان له‌ ته‌واوی ره‌هه‌نده‌كان دا به‌ مێژوویی، ریشه‌دار، به‌هێز و قووڵ ناوبردووه‌ و هیوای خواستووه‌ ئه‌م په‌یوه‌ندییانه‌ له‌ داهاتوودا له‌ چوارچێوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ هاوبه‌شه‌كان دا پته‌وتر بێت.