پارتی پێشنیازێكی بۆ یەكێتی كردووە دكتۆر مەحمود عوسمان وەكو چارەسەر بكرێت بە كاندیدی هەردوولا بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، دكتۆر مەحمود دەڵێ" كەس پەیوەندی پێوەنەكردوم‌و پەیوەندیش بكەن نایكەم".

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، دكتۆر مەحمود عوسمان لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ درەو، رایگەیاند، تائێستا كەس لەبارەی كاندیدكردنم بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار پەیوەندی پێوەنەكردوم‌و پەیوەندییشم پێوە بكەن من ئەو پۆستە وەرناگرم.

دكتۆر مەحمود وتی:" رەنگە پارتی‌و یەكێتی لەنێوان خۆیان باسیان كردبێت، بەڵام من ناتوانم پۆستێك وەربگرم كە دەسەڵاتی نەبێت، بەڕای من یەكێتی‌و پارتی لەبەینی خۆیان رێكبكەون، چونكە تا رێكنەكەون دانیشتنی پەرلەمان ناكرێت‌و 220 كەس كۆناكرێتەوە، ئەگەر پارتی‌و یەكێتی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار رێكنەكەون، دەبێت دوو لایەنە شیعەكە رێكبكەون‌و سەرۆك كۆمار هەڵبژێرن، چونكە ئەگەر سەرۆك كۆمار هەڵنەبژێردرێت، سەرۆك وەزیرانیش هەڵنابژێردرێت".

لەبارەی پۆستتی سەرۆك كۆمارەوە، دكتۆر مەحمود دەڵێ" پۆستی سەرۆك كۆمار هیچ دەسەڵاتێكی نییە، مام جەلال هیچی پێنەكرا، ئێمە چیمان پێدەكرێت، پۆستی سەرۆك كۆمار پۆستێكی پرۆتۆكۆڵییە‌و حەق نییە كورد داوای ئەم پۆستە بكات، من لە 2010وە بۆچونم وایە كورد داوای پۆستی سەرۆك كۆمار نەكات".