لە چوارچێوەی سەردانێكدا بۆ شاری سلێمانی فۆتۆگرافەری ئێرانی ”ئەحمەدی ناتقی” خاوەنی گرتەی كارەساتباری ”عومەری خاوەر” چەند دیدار و بەسەركردنەوەیەكی ئەنجامدا.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، ئەحمەدی ناتقی كە بە میوانداریی لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان و دەزگای میدیایی جام كوردی، بۆ ساڵیادی كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە لە شاری سلێمانییە و سەردانی هەڵەبجەش دەكات، زنجیرەیەك كۆڕ و سیمینار و دیدار ئەنجام دەدات .
سەرلەبەیانی ئەمڕۆش ٢٠٢٢/٣/١٢ لە سەرەتای دیدارەكانیدا سەردانی رێكخراوی دیالۆگ و كلتوری كرد و لە گفتۆگۆیەكی كراوەدا باسی كار و چالاكییەكانی رێكخراوەكەیان كرد و د. ئەحمەد ناتقی پێی راگەیاندن لەمڕۆدا لەڕێگەی وێنەوە لە زووترین كاتدا دەتوانن پەیامی خۆیان بگەیەننە جیهان.
دواتر و لە كۆڕێكدا ساڵۆنی كوردستانی نوێ میوانداریی د.ئەحمەدی ناتقی كرد .
لە سەرەتای كۆڕەكەدا دیكۆمێنتارییەك لەسەر ژیان و بەرهەمەكانی د.ناتقی پێشكەشكرا ،كە لەلایەن سایتی PUKmedia ەوە ئامادەكرابوو.
دواتر لە وتەیەكدا د.ناتقی باسی لە یەكەم ساتەكان رۆژی ١٩٨٨/٣/١٦ كرد ، كە دوای نزیكەی نیوسەعات لە كیمیابارانەكە چۆتە سەر تەرمی عومەری خاوەر و كۆرپەكەی و یەكەم گرتەی ئەو كارەساتەی لە رێی كامێری فیلمەوە تۆماركردووەو وتی : فۆتۆی عومەری خاوەر یەكێكە لەو گرتە خەمناكانەی لە كاری میدیایدا تۆماری كردووە.
لەبەشێكی تری كۆڕەكەدا د.ناتقی چەندین وێنەی پیشانی ئامادەبووان دا كە بۆیەكەم جار و لەیەكەم رۆژی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەدا تۆماری كردون و وتی وەك یەكەم فۆتۆگرافەری ئێرانی نزیكەی ٣٠٠ وێنەی كارەساتی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەم گرتووە.
لە چالاكییەكانی هەمان رۆژدا د.ئەحمەدی ناتقی سەردانی بنكەی ژین -كرد كە بنكەیەكی تایبەتی ئەرشیفكردن و دیكۆمێنتكردنی رۆژنامە و چاپەمەنی و كەلوپەلی چاپخانە یە .
لە سەردانێكی كورتدا د.ئەحمەدی ناتقی بە یاوەری مامۆستا ڕەفیق ساڵح سەرۆكی بنكەی ژین بەشە جیاجیاكانی بنكەكەی بەسەركردەوەو بە تێڕامانەوە رۆژنامە و دەستنووسە ئەرشیفییە كوردی و عەرەبی و ئێرانییەكانی بینی.
لە كۆتایی چالاكییەكانی ئەمڕۆیدا د.ئەحمەدی ناتقی ، سەردانی ناوەندی رۆشنبیریی دكتۆر عزەدین مستەفا رەسوڵ -ی كرد.
لەم سەردانەشیدا مامۆستا جەزا ئەحمەد شارەزای بواری كتێبخانە و ئەرشیف ، بە وردی باسی پڕۆژەی
بە دیجیتاڵكردنی كتێبخانەی تایبەتی د.عزەدین مستەفا رەسوڵ ی كرد و دەستنوس و كتێبە ئەرشیفییەكانی د.عزەدین-یشی پێشكەش بە د.ناتقی كرد.
ڤینۆس تۆفیق