د.ئه‌حمه‌دی ناتقی فۆتۆگرافه‌ری جه‌نگیی ئێواره‌ی ٢٠٢٢/٣/١٣ له‌ شاری سلێمانی سه‌ردانی سه‌نته‌ری میترۆ -بۆ داكۆكیكردن له‌ رۆژنامه‌نووسان كرد.

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، جیاواز له‌ دیدار و سه‌ردانه‌كانی تری، د.ناتقی له‌سه‌نته‌ری میترۆ چاوی كه‌وت به‌”گۆران عوسمان” كه‌ له‌ خانه‌واده‌یه‌كی هه‌ڵه‌بجه‌یه‌ و برازای سیمبولی تاوانی كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه‌ ”عومه‌ری خاوه‌ر” ه‌.

له‌و دیداره‌دا د.ناتقی باسی یه‌كه‌م ساته‌كانی كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه‌ و چوونه‌ سه‌ر ته‌رمی عومه‌ری خاوه‌ر و كۆرپه‌كه‌ی و چركاندنی وێنه‌كه‌یانی كرد دوای نزیكه‌ی نیوسه‌عات له‌ مردنیان به‌ گازی كیمیایی.

له‌به‌شێكی تری سه‌ردانه‌كه‌یدا ئه‌حمه‌دی ناتقی له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ر و ئه‌ندامانی سه‌نته‌ری میترۆ باسیان له‌ جیاوازییه‌كانی كاری میدیایی كرد له‌ ده‌زگا میدیاییه‌ ره‌سمیی و نا ره‌سمییه‌كاندا. دواته‌ ئه‌ندامانی سه‌نته‌ری میترۆ چه‌ندین پرسیاری تایبه‌ت  و گفتۆگۆیان له‌گه‌ڵ د.ناتقی كرد سه‌باره‌ت به‌كاری سه‌ختی فۆتۆگرافه‌رانی جه‌نگ و ده‌ستكه‌وتنی فۆتۆ و ڤیدیۆ له‌ناو جه‌نگ و كاره‌ساتێكی وه‌ك كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه‌دا .

له‌كۆتایی دیداره‌كه‌یدا له‌ سه‌نته‌ری میترۆ د.ئه‌حمه‌دی ناتقی وتی: من وه‌ك خاوه‌نی گرته‌ی خه‌مناكی ”عومه‌ری خاوه‌ر” ده‌مه‌وێت بڵێم ; كاره‌ساتی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ گه‌وره‌ترین تاوانی سه‌ده‌ی بیست-ه‌ و له‌ هیچ وڵاتێك و له‌ هیچ به‌ره‌یه‌كی جه‌نگدا وێنه‌ی وه‌ها ناخ هه‌ژێنم نه‌بینیوه‌و نه‌ چركاندووه‌.

ڤینۆس تۆفیق