عومەر گوڵپی ئەندامی  پەرلەمانی  کوردستان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە کردنەوەی‌ دەروازەی‌ خاڵی‌ سنوری‌ سازان بووەتە داوای‌ خەڵکی‌ پارێزگای‌ هەڵەبجە.

عومەر گوڵپی ئەندامی  پەرلەمانی  کوردستان بە زایەڵەی  ڕاگەیاند،  بەهۆی‌ بێکاری‌، نەبوونی‌ پرۆژەکانی‌ وەبەرهێنان‌ و لاوازی‌ جوڵەی‌ بازرگانی‌‌ و پیشەسازی‌، کردنەوەی‌ دەروازەی‌ خاڵی‌ سنوری‌ سازان بووەتە داوای‌ خەڵکی‌ پارێزگای‌ هەڵەبجە.

ڕشیگەیاند: بێکاری‌‌ و لاوازی‌ جوڵەی‌ کارو بازاڕ لە هەڵەبجە، بووەتە هۆی‌ ئەوەی‌ بەردەوام ژمارەی دانیشتوانی‌ هەڵەبجە بەرەو کەمبوونەوە بڕوات، ئەوەش بەهۆی‌ کۆچی‌ هاوولاتیان لە شارەکەو ناحیەکانی‌ خورماڵ‌و بیارەو سیروانەوە بۆ شاری‌ سلێمانی‌‌و شارەکانی‌ تر.

بە ژمارە (٢٠٤) لە (٩ی‌ ٣ی‌ ٢٠٢٢) داوامان کرد حکومەت ڕوونکردنەوەمان پێبدات لەسەر هەوڵ و کارەکانیان بۆ کردنەوەی‌ ئەو دەروازەیەو هێنانەدی‌ یەکێک لە خواست‌وداواکانی‌ خەڵک، بە دڵنیاییەوە کردنەوەی‌ ئەو خاڵە سنورییە لەنێوان وڵاتی‌ ئێران‌و هەرێمی‌ کوردستاندا یەکێک لە دەسەڵاتە فیدراڵیەکانەو پێویستە حکومەتی‌ بەغدا ڕەزامەند بێت، بەڵام خۆ ئەبێت حکومەتی‌ هەرێم ئەم دۆسیەو داوایە بجوڵێنێت تا ڕەزامەندی‌ حکومەتی‌ بەغداوەردەگیرێت، هەروەها پێویستە ئامادەکاری‌ بکرێت لە ڕووی‌ ڕێگاو پێداویستی‌ تری‌ پەیوەندیدار بەفەرمانگەکانی‌ حکومەت بۆ کردنەوەی‌ ئەو دەروازەیە.

 کامەران کەریم