بەمەبەستی گفتوگۆکردن دەربارەی کێشەو گرفتەکانی شۆفێران و لەمپەرەکانی بەردەم ئاڵ و گۆڕی بازرگانی شاندێکی کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان سەردانی ئێرانی کرد.
بەپێی ڕآپۆرتی زایەڵە، شاندەکەی پێکهاتبوون لە سەرپەرشتیاری دەروازە، بەڕێوەبەری گومرگی گەرمیان، بەرپرسی نوسینگەی گواستنەوەی پەروێزخان، لێپرسراوی هۆبەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەروازەو نوێنەری گشتی شۆفێران.
شاندی هەرێم لەقەسری شیرین لەلایەن مرادعلی تاتار قائیمقامی قەسر، ئاغای عزیزی سەرپەرشتیاری دەروازەو ئاغای موتەلبی بەڕێوبەری گومرگی پەروێزخان/ ئێران-ەوە پێشوازییان لێکرا، دواتریش هەردوولا کۆبونەوەیەکیان ئەنجامدا.
لە کۆبونەوەکەدا مرادعلی تاتار، قائیمقامی قەسری شیرین، وتی: دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان یەکێکە لە دەروازە هەرە گرنگەکان بە لای کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە.
دواتریش عەباس ئیسماعیل، سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان/هەرێمی کوردستان باسی لەو کێشەو گرفتانە کرد کە ڕۆژانە رووبەڕوی شۆفێرانی کورد دەبنەوە لەناو خاکی ئێران.
جەختیشیکردەوە، چۆن شۆفێرانی ئێرانی ڕێزیان لێ دەگیرێت، پێویستە ئێرانیش بەهەمان شێوە ڕێز لە شۆفێرانی کورد بگرێت و ئیجرائات لەگەڵ ئەو کەسانەدا بکرێت کە بەربەست و گرفت بۆ شۆفێرانی هەرێم و جموجۆڵی بازرگانی دروست دەکەن.
دواتریش بەشداربووانی کۆبونەوەکە لە شاندی هەرێم و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران سەرنج و تێبینی خۆیان خستەڕوو، لەگەڵ باسکردن لەچەند کێشەو گرفتێک و خستنەڕووی میکانیزمی چارەسەر کردنی ئەو کێشانە.
ئەمە دووەم سەردانی سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخانە بۆ وڵاتی ئێران لەماوەی لەکەمتر لە هەفتەیەکدا، سەردانەکانیش بە ئامانجی چارەسەرکردنی کێشەکان و نەهێشتنی ڕۆتینات و قەرەباڵغی یە لەسەر پردی نێوان هەرێم و ئێران، لای خۆیانەوە بەرپرسانی ئێران بەڵێنی ئەوەیاندا کە بەدواداچون بۆ هەموو کێشەکان دەکەن و چارەسەری خێرای بۆ دەکەن.
کامەران کەریم