لیژنەی داكۆكیكردن لهمافی ئافرهت لەپەرلەمانی کوردستان بەدواداچون بۆ ئامارەکانی ساڵی 2019 و ساڵی رابردوی تایبەت بە توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان دەکات و سەرەڕای نزمبونەوەی ئامارەکانیش، لیژنەکە خواستی ئەوەی هەیە کار لەسەر ئەو هۆکار و دەرئەنجامانە بکات کە وایکردوە ئامارەکان ڕو لەکەمبونەوە بکەن.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، شادی نەوزاد، جێگری سەرۆکی لیژنەی داكۆكیكردن لهمافی ئافرهت لەپەرلەمانی کوردستان بەخەندان-ی راگەیاند، لیژنەکەیان بەبەردەوامی بەدواداچون دەکات بۆ ئامارەکانی توندوتیژی و یهكسانیی جێندهرى و لەماوەی داهاتوشدا سەردانی پارێزگاکان و ئیداره سهربهخۆكان دەکەن، دوای هەڵسەنگاندنی ئامارەکانیش کار لەسەر ئەو هۆکارانە دەکەن کەبوەتە هۆی ئەوەی ئامارەکان ڕو لەکەمبونەوە بکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، کەمبونەوەی ئامارەکان بەمانای کەمبونەوەی کێشە و ئاستەنگییەکان نایەت بەرامبەر ژنان، بەتایبەت ئەو کەسانەی توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت لەبەر چەندین هۆکار زۆرجار دەستیان ناگات بە بەڕێوەبەرایەتی و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ چارەسەری کێشەکانیان.
بەگوێرەی ئامارەکانی دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ ساڵی 2019 لە هەرێمی کوردستان، 41 ئافرەت بە هۆکاری جیاواز کوژراون، 69 ئافرەت خۆیان کوشتوە، 103 ئافرەت خۆیان سوتاندوە، 155 ئافرەت روبەڕوی توندوتیژی سێکسی بونەتەوە و هەروەها 11 هەزار و 902 سکاڵاش لەلایهن کچان و ژنانەوە تۆمارکراون کە روبەڕوی توندوتیژی بونەتەوە و تێکڕای ئەو ئامارانەش لەساڵی 2020دا رویان لەکەمبونەوە کردوە.