نادر ڕۆستی باس لە جیاوازییەکانی سەیران و گەشتوگوزار و ڕەهەندە جیاوازییەکانی دەکات.
نادر ڕۆستی شارەزا لەبواری گەشتوگوزار بەزایەڵەی ڕاگەیاند، زۆرن ئەوانەی کە سەیران و گەشتوگوزار وەک یەک پڕۆسە دەبینن و تێکەڵی یەکتریان دەکەن، تەنانەت ژمارەیەک بەڕێوەبەر و کاربەدەستی دامەزراوە گەشتوگوزارییەکانیش ئەم هەڵە دەکەن، یان هەندێک کاروچالاکی لەسەیرانگەکان دەکەن و دەڵێن: ئێمە خزمەتی پێشخستنی گەشتوگوزار دەکەین، سەیران پڕۆسەیەکی کۆمەڵایەتی و دەروونییە، تاکەکان و کۆمەڵگا لە پڕۆسەی سەیران کردن چێژ بە دەروونیان دەگات و لە رووی کۆمەڵایەتی پەیوەندیەکان باشتر دەکات، هیچ ڕەهەندێکی ئابووری بۆ دانیشتوانی ناوچەکە و هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو دەبێتە هۆی خەرجی نەک داهات، دەبێتە هۆکار بۆ تێکدانی ناوچەکە نەک پەرەپێدان و بوژانەوە.
وتیشی، گەشتوگوزار پڕۆسەیەکی ئابووریی کۆمەڵایەتی هەمە لایەنە و چەندان رەهەندی جیاواز بۆ سوودی کۆمەڵگا لەخۆ دەگرێت، وەک بەهێزکرنی ئابووریی وڵات، بە هێنانی دراوی بیانی بۆ ناو وڵات، دابین کردنی هەلیکار بۆ ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیان، بوژانەوە و ئاوەدانکردنەوەی وڵات بە دروستکردنی سەدان پڕۆژەی جۆراوجۆری وەک هۆتێل، چێشتخانە، شاری یاری، پارک و باخچەی جۆراوجۆر، گوندی گەشتیاری هتد، کرانەوەی کۆمەڵگا و بەرزبوونەوەی ئاستی هۆشیاری وکولتووری، فراوان بوونی پەیوەندیی گشتیی و کۆمەڵایەتی، گرنگیدان بە ژینگەپارێزی وشارستانیەت و ناساندنیان بە گەلانی جیهان، بەهێزبوونی بازاڕی بەرهەمە خۆماڵییەکان و بووژانەوەی کشتۆکاڵ، ئەمەو دەیان سوودی دیکە.
ڕونیشیکردەوە، سەیران و گەشتوگوزار تەنیا لەڕووی سوودی دەروونی وکۆمەڵایەتی بۆ مرۆڤ هاوبەشن، سەیران بۆ دەروونی هاووڵاتیان و گەشتوگوزار بۆ دەروونی میوان و گەشتیاران.سەیرانی سەیران کەر بەیانی دەردەچێت و ئێوارە دەگەڕێتەوە، خواردن و خواردنەوەی لەگەڵ خۆ دەبات، دەچێتە ناوسروشت و ژینگە و سروشت وێران دەکات و هیچ سوودێکی بۆناوچەکە و دانیشتوانی ناوچەکە نییە، زۆرجار ئاپۆڕە و خنکانی رێگاکانی لێدەکەوێتەوە.
باسی لەوەشکرد، گەشتیار زیاتر لە ٢٤ کاتژمێردەمێنێتەوە، هوتێل و چێشتخانە بەکار دێنێ، دەیان پێداویستی و دیاری لە بازاڕ دەکڕێ، سوود بە پڕۆژەکان وبەرهەمی پیشەسازی و بەرهەمە کشتوکاڵییەکان دەگەینێت و هەلی کاری جۆراوجۆر بۆ دانیشتوانی ناوچەکە دەڕەخسێنێت .
کامەران کەریم