لەدوای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، کۆمەڵی دادگەرییش بڕیاری لەبارەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ شەممەی پەرلەمانی عێراقدا و رایگەیاند کە فراکسیۆنەکەیان بەشداریی کۆبوونەوەکەی پەرلەمان تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار نەکات.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، بەپێی کارنامەی پەرلەمانی عێراق کە دوێنێ هەینی بڵاوکراوەتەوە، کاژێر 11:00ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 26-3-2022 کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بەڕێوەدەچێت، لە کۆبوونەوەکەشدا تەنیا ئەو بڕگەیەی تێدایە.
گوتەبێژی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لەبارەی بەشدارییکردنی حیزبەکەیان لە کۆبوونەوەکە راگەیێنراوێکی بڵاوکردووەتەوە و رایدەگەیێنێت "پاش تاوتوێکردنی دوا گۆڕانکاریی و پێشھاتەکانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و لەبەرئەوەی لایەنە عێراقی و ھێزە کوردییەکان رێکنەکەوتن و نەگەشتنە رێککەوتن لەسەر یەک بەربژێر بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار و ئەنجوومەنی وەزیران، چونکە ئێمە بەشێک نین لە ناکۆکییەکان و ئەم پەرتەوازیە لە بەرژوەندی عێراق و ھەرێمی کوردستان نازانین، بڕیارماندا فراکسیۆنی کۆمەڵ بەشداری کۆبوونەوەی سبەی نەبێ، تا دەرفەتی زیاتر بڕەخسێ بۆ گەشتن بە رێککەوتن لەسەر ھەردوو پۆستەکە."
ئەمڕۆ شەممە 26-03-2022 پەرلەمان، عێراق دەباتە قۆناخێکی نوێ بە ھەنگاونان بۆ پێکھێنانی ئەزموونی حکومەتی زۆرینە یانیش ریسەکە دەبێتەوە خوری.
هەر شەوی رابردوو فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند کە بەشداریی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق ناکەن.
هەروەها موسەنا ئەمین، ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ڕایگەیاند کە ئەوانیش بەشداری کۆبوونەوەی پەرلەمانی عیراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار ناکەن.