شێخ نەهرۆ کەسنەزانی لەبارەى تۆمارە دەنگییە دزەپێکراوەکە هاتەدەنگ.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، تەریقەتی عەلی قادری کەسنەزانی ڕوونکردنەوە لەسەر تۆمارە دەنگییە دزەپێکراوەکەی شێخ نەهرۆ کەسنەزانی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "دەستکاریکراوە و ئێمە خولەفای ڕاشیدین و هاوەڵە بەڕێزەکانی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) بە خۆشەویست و نوری چاوی خۆمانی دەزانین."
شێخ نەهرۆ کەسنەزانی لە تۆمارێکی دەنگیی دزەپێکراودا داوا لە شوێنکەوتووانی دەکات تەنها شوێنی باوکی و حەزرەتی عەلی و شێخ عەبدولقادری گەیلانی بکەون و دەڵێت، "یەک سەحابەی تر هی ئێمە نین."
تەریقەتی عەلی قادری کەسنەزانی لە ڕوونکردنەوەیەکدا لەسەر تۆمارە دەنگییەکە (26-3-2022) دەڵێت، "تۆمارێکی دەنگی کە بە ناشەرعی و نایاسایی دەستکاری کراوە تۆمەتی خۆشنەویستنی هاوەڵان دەدرێتە پاڵ شێخی دڵسۆزی تەریقەتمان بە مەبەست لەلایەن چەند کەسێکەوە و بەبێ مەبەستیش لەلایەن خەڵکانێکی ترەوە."
وەک لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، تەریقەتەکە بە دوو خاڵ هەڵوێستی خۆی ڕاگەیاندووە؛
1- شێخ نەهرۆ کەسنەزانی و هەموو شوێنکەوتووانی "باوەڕمان وایە کە خۆشویستنی هاوەڵانی پێغەمبەر (صلی الله تعالی علیە وسلم) ئەرکێکی ئاینی و ئیمانییە."
2- هەموو هاوەڵان خۆشەویست و نوری چاومانن، بەڵام تەریقەتەکەمان لە گەورەمان حەزرەتی عەلی (ڕەزای خوای لێبێت) وەرگیراوە.