ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند ، ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی راسپاردە بۆ چارەسەری موچەی خانەنشینان دەخاتەڕوو

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، رۆژی شەممە ٢٠٢٢/٣/٢٦ ، بە سەرپەرشتی  ئازاد محەمەد ئەمین سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و بە ئامادەبونی بەڕێزان جێگری سەرۆک، سەرۆکی فراکسیۆنەکان و قایمقامی سلێمانی لەگەڵ بەڕێزان بەڕێوەبەری گشتی لقی سلێمانی بانکی ناوەندی ھەرێم، نوێنەری وەزارەتی دارایی و بەڕێوەبەری بانکەکانی سلێمانی بۆ دابەشکردنی موچە کۆبۆوە.

لەکۆبونەوەکەدا کە کۆبونەوەیەکی راوێژکاری بوو ، پێشنیازەکانی چارەسەرکردنی گرفتی پێدانی موچەی خانەنشینان تاووتوێ کران، سەرەڕای کەمی پارە لە بانکەکان.

لە کۆتایدا بە کۆی دەنگی ئامادەبوان بڕیاردار ئەم راسپاردە ھەنوکەییانە ئاراستەی وەزارەتی دارایی بکرێن:

١-جیاکردنەوەی موچەی خانەنشینی سەربازی لەگەڵ خانەنشینی مەدەنی.

٢-لەکاتی دانانی خشتەی موچەدا ئەولەویەت بدرێت بە خانەنشینان لەناو ریزبەندی وەزارەتەکاندا.

٣-زیادکردنی بینا و بنکەی دابەشکردنی موچە بۆ بانکەکان، لەھەر شوێنێک کە پێویست بێت.

٤-لەکاتی دابەشکردنی موچەی خانەنشیندا ، بەپێی ژمارەی ناسنامەی خانەنشینی یان بەپێی پیتەکانی ئەلفوبێی ناوەکانیان بێت.

٥-شوێنی گونجاو شایستە دابین بکرێت بۆ خانەنشینان لەکاتی چاوەڕێ کردنیان بۆ وەرگرتنی موچەکانیان

راسپاردە بۆ چارەسەری دورمەودا:

پەلە بکرێت لە جێبەجێکردنی قۆناغی دوەمی سیستمی بایۆمەتری.

 ا- دابەشکردنی موچە بکرێت بە سیستمی کارتیی.

ب- پەلە بکرێت لە

جێبەجێکردنی سیستمی ھاوتای کەسی.

ج- ھەژماری بانکیی بۆ موچەخۆران و خانەنشینان بکرێتەوە.

کامەران کەریم