لە دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان دەستبەسەر (٣) ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری عێراقیدا گیرا، کە هەوڵدەدرا بە ساڵانە و تابلۆی ساختەی ئێرانییەوە ببرێنە ئەو وڵاتە.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، مەرزی پەروێزخان ڕایگەیاند، ئەو سێ ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرە هەڵگری ساڵانە و تابلۆی عێراقی بوون، بەڵام ساڵانە و تابلۆی ئێرانی ساختەیان بۆ دروست کرابوو.
شۆفێری ئۆتۆمبێلەکان ئێرانین، لەکاتی ئاشکرا بوونیان وتویانە "کە ئەوان بۆ بردنی ئەو ئۆتۆمبێلانە هاتونەتە هەرێمی کوردستان و لەلایەن کەسێکەوە لە پارێزگای سلێمانی ئۆتۆمبێلەکانیان پێدراوە تا بیبەنە وڵاتی ئێران و لەوێ بیانفرۆشن".
ئەمە لەکاتێکدایە کە ڕۆژی (١٧)ی ئەم مانگە ئۆتۆمبێلێکی تری بارهەڵگری عێراقی لە دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان دەستی بەسەردا گیرا، کە هەوڵدرابوو بەهەمان شێواز ببرێتە وڵاتی ئێران.
ئەو کارە بەپێی یاسا گومرگیەکان قاچاغ و نایاسایی یە، بۆ ئەنجامدانی ئیجرائاتی یاسایی کەیسی هەر چوار شۆفێرەکە ڕەوانەی بەشی یاسایی بەڕێوەبەرایەتی گومرگی گەرمیان کراون.
کامەران کەریم