بە چاودێری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و بە سەرپەرشتی سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە، دووەمین فێستیڤاڵی زانستی و کلتوری زانکۆی هەڵەبجە بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری هەڵەبجە بەڕێوەچو.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، ڕۆژی پێنجشەممە لە کەمپی زانکۆ بە ئامادەبونی وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و پارێزگاری هەڵەبجەو قائیمقام و سەرۆکی شارەوانی بەڕێوەبەری پۆلیس و چەندین بەرپرسی حکومی و حزبی و مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکاران و چین و توێژەجیاوازەکان، دوەمین فێستیڤاڵی زانکۆی هەڵەبجە بەڕێوەچو.
سەرەتای فێستیڤاڵ سەرۆکی زانکۆ د.مهاباد کامل عەبدوڵا لەوتەیەکدا بەخێرهاتنی وەزیری خوێندنی باڵاو وەفدی هاوڕێی و پارێزگارو لێپرسراوانی حوکمی و حزبی و میوانان کرد.
لەوتەکەیدا سەرۆکی زانکۆ ڕایگەیاند، ئەم فێستیڤاڵە چەندین ڕەهەندی جیاوازو هەمەچەشن لەخۆدەگرێت، ئەوەش جارێکیتر بەها بەخشینەوەیە بەهەمو ڕەنگەکان، کە پێویستە فەلسەفەی بنچینەیی زانکۆی لەسەر دابمەزرێت .
دواتر د. ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لەوتەیەکدا تیشکی خستەسەر دەوڵەمەندی کلتور بەتایبەت ئەدەبیاتی هەڵەبجەو وتى، لە بێسارانیەوە دەستپێدەکەین و وەک پێویست ئاوڕمان لە کلتوری دەوڵەمەندی خۆمان نەداوەتەوە .
وتیشی، بێسارانی باوکی ڕێبازی ڕۆمانسیزمی ئەدەبە ، لەدرێژەی وتارەکەیدا د.ئارام محمد قادر، ئاماژەی بەچەندین شاعیری دیکەی ناوچەی هەڵەبجە کرد وەک (نالی، احمد موختارجاف، گۆران)، ناوبراو ڕوونیشیکردەوە پێداچونەوەیتر بە ئەدەبی شاعیران ئەرکی زانکۆ و ڕۆشنبیریەو بەپێویستی زانی توێژەرانی زانکۆی هەڵەبجە بەوردی کاری لەسەربکەن و ئاماژەیکرد بەوەی ئەرکی زانکۆی هەڵەبجە جیاوازە لە ئەرکی زانکۆکانی تر لەم ڕوەوە.
وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی باسی پێکەوەژیان و دەوڵەمەندی کلتوری ناوچەکە کردو وتى لەبواری ئایینی، یارسان و خانەقاکان ڕۆڵیان لەپێشخستنی کۆمەڵگە هەبوە کلتورمان کلتوری ئاشتی و پێکەوەژیانە، شێخانی نەقشبەندی تا دەگات بە د.مستەفا زەڵمی لە هەڵەبجە لەبوارە جیاوازەکانا ڕۆڵی گەورەو پێشەنگیان هەبووە ، د.ئارام باسی لەوەشکرد هەڵەبجە مێژوویەکی دەوڵەمەندی هەیەو ڕژێمی بەعس زەندەقی لە زیندووێتی بوارە جیاوازەکانی هەڵەبجە چوبو، بۆیە هەوڵی لەناوبردنی دەداو ئەوەش هۆکاری شەهیدکردنی پێنج هەزار پەپولەی ئەو شارەبو.
لەکۆتایی وتەکانیدا د.ئارام محمد قادر بەڵێنیدا هاوکارو پشتیوانی تەواوی زانکۆی هەڵەبجە بێت وەزارەت بەڵێن بە شەهیدانی هەڵەبجە دەدات و هەمو هەوڵێک بۆپشتگیریکردنی دەدات بۆ خزمەتکردن، پشتیوانی زانکۆ دەکەین بۆ چارەسەری کەموکورتیەکان و خۆم بەخزمەتکاری هەڵەبجەدەزانم .
کامەران کەریم