له‌ رێگه‌ى نووسراوێكى ره‌سمى، ناوبژیوانانى خوله‌كانى تۆپى پێى كوردستان هه‌ڕه‌شه‌ی بایكۆتكردنی خوله‌كانی كوردستان ده‌كه‌ن و ڕایانگه‌یاند چیتر ئاماده‌نین به‌هۆی نه‌بوونی ده‌رماڵه‌ی ناوبژیوانان یارییه‌كان به‌ڕێوه‌ببه‌ن.

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە لە راگه‌یه‌ندراوێكى ره‌سمى ئه‌و ناوبژیوانانه‌ ئاشكرایانكردووه‌، چیتر له‌ توانایاندا نه‌ماوه‌ له‌سه‌رخه‌رجی خۆیان خوله‌كانی كوردستان به‌ڕێوه‌ببه‌ن، ده‌شڵێن: ئه‌گه‌ر ڕێگه‌چاره‌یه‌ك بۆ كێشه‌كانیان نه‌دۆزنه‌وه‌ ئاماده‌نین هه‌فته‌ی داهاتوو خوله‌كانی كوردستان به‌ڕێوه‌ببه‌ن كه‌ بڕیاره‌ سه‌رجه‌م یارییه‌كان له‌ رۆژی سێشه‌ممه‌ی داهاتوو به‌ڕێوه‌بچێت.

ناوبژیوانانی كوردستان پێنج  مانگه‌ شایسته‌ى دارایی به‌ڕێوه‌بردنی یارییه‌كانیان وه‌رنه‌گرتووه‌، پێش یارییه‌كانی هه‌فته‌ی رابردوو نووسراوێكیان ئاراسته‌ی یه‌كێتیی تۆپی پێی كوردستان كرد و یارییه‌كانی گه‌ڕی رابردوویان به‌ڕێوه‌برد و كردیانه‌ دوامۆڵه‌ت بۆ خه‌رجكردنی ئه‌و شایسته‌یه‌یان ، به‌ڵام ته‌نیا 2 رۆژ ماوه‌ یارییه‌كانی هه‌فته‌ی داهاتوو ده‌ستپێبكات كه‌چی هێشتا داواكارییه‌كه‌یان جێبه‌جێ نه‌كراوه‌.