گۆرانیبێژی کورد "پەیام عەزیزی" لە بەرنامەی تایبەتی مانگی پیرۆزیی ڕەمەزانی تەلەڤیزیۆنی "ڕووداو" بۆ ماوەی مانگێک لە قەڵاتی مێژوویی هەولێر کۆنستێرتی مۆسیقای ئایینی پێشکەش دەکات

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، "پەیام عەزیزی" گۆرانیبێژی ناوداریی مۆسیقای عیرفانی و ئایینی بە هاوڕێیەتی لەگەڵ ئەندامانی گرووپی مۆسیقای هەولێر، لە بەرنامەی تایبەتی مانگی پیرۆزیی ڕەمەزانی تەلەڤیزیۆنی "ڕووداو" Rudaw بە ناونیشانی "پاشیڤ" Paşîv بۆ ماوەی مانگێک لە ماڵی "چەلەبییەکان" لە قەڵاتی مێژوویی شاری هەولێر پێتەختی هەرێمی کوردستان، کۆنستێرتی مۆسیقای ئایینی پێشکەش دەکات

عەزیزی لە ماوەی ئەم مانگە پیرۆزەدا، گۆرانییە هەرمانەکانی "ئەڵڵا مەدەد"، "یا رەسووڵ ئەڵڵا یا شای مەدینە"، "لەبەیک"، "موسوڵمانان"، "محەمەد رەسووڵ ئەڵڵا" (ص)، "حەبیبی یا رەسووڵ ئەڵڵا"، "دەردی هیجران"، «طلع البدر علینا»، "ئەی پەنای عاصیان"، «صلاه الله سلام الله علیک یا رسول الله»، "ما محرم سلطانیم"، "ئەڵڵا ئەڵڵا یا ئەڵڵا"، «مولا یا صلی وصل» (برده المدیح)، "یا فەردی اعظم"، مەقامی "بێ وەفا"، "سلطان ئەڵڵا "، "گر تو طلبی داری"، "حەبیبم ئەڵڵا" و ... بۆ هۆگران و لایەنگرانی مۆسیقای عیرفانی و ئایینی پێشکەش دەکات.

ئەندامانی گرووپی مۆسیقای هەولێر کە "پەیام عەزیزی" لە بەرنامەی "پاشیڤ" هاوڕێیەتی دەکەن، بریتین لە: "شیاو کەماڵ" ژەنیاری ڤیۆڵۆن، "لێزان قادر" ژەنیاری عوود، "ئەردەوان خەلیل" ژەنیاری نەی، دودووک و کاوالە، "زانا ئەنوەر" ژەنیاری قانوون، "ڕێوان رەشاد" ژەنیاری ئامێرە کوتراوەکان و هەروەها "رێبوار عەبدوڵڵا" ژەنیاری دەف.

تەلەڤیزیۆنی "ڕووداو" بە بەرپرسیاریی "ئاکۆ محەمەد" ڕۆژنامەوانی بەئەزموونی کورد کە بینەرێکی زۆریی لە نێوان کوردەکانی دنیادا هەیە، لە زۆربەی وڵاتانی جیهان نووسینگەی نوێنەرایەتی هەیە و بەرنامە، هەواڵ و ڕووداوە گرینگ و سەرنجڕاکێشە هونەریی، کەلتووریی، کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی دنیا بە شێوەی ڕاستەوخۆ بە باشی و بە شێوەی پڕۆفێشناڵانە بڵاودەکاتەوە.  

پێشتریش لە بەرنامە جۆراوجۆرەکانی ئەم کەناڵەدا، هونەرمەندانی بەرچاویی کوردستان، ئێران و ناوچەکە لەوانە: مامۆستا "حوسێن عەلیزادە" ئاوازدانەر و ژەنیاری بەتوانای تار و سێتاری ئێران، "نەسیر شەمە" Naseer Shamma ژەنیاری عێراقی ناوداری عوود، "هۆمایوون شەجەریان" گۆرانیبێژی ناوداری ئێرانی، موزیکزانی کورد "تەهموورس پوورنازری" ئاوازدانەر و ژەنیاری تار و سێتار و تەنبوور، موزیکزانی ئێرانی "عەلی قەمسەری" ئاوازدانەر و ژەنیاری تار، موزیکزانی کورد "سۆهراب پوورنازری" ئاوازدانەر و ژەنیاری کەمانچە و تەنبوور، "عەلیڕەزا قوربانی" گۆرانبیژی ئێرانی، "ئیرەج ڕەحمانپوور" گۆرانیبێژی ناوداری لوڕ و ... کۆنسێرت و بەرنامەی تایبەتیان پێشکەش کردووە.

مەنسوور جیهانی