عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتیمانی دەستپێشخەرییەکی بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی سیاسی بڵاوکردەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، عەممار حەکیم ڕۆژی هەینی هەینی لە پەیامێکدا باسی لەوەکرد، پێویستە ئەو لایەنانەی بەشدار دەبن لە حکومەت دیاربن و لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنیش لە پەرلەمان دیاربن تا شکستهێنانی کارنامەکەی بەسەر هەمواندا گشتگیر نەکرێت، هەروەها پێشنیاز دەکات زۆرینەی نیشتیمانی حکومەت پێکبهێنێت کە لە زۆرینەی شیعەکان، سوننە و کورد پێکدێت و کەمینەیەکیش لە هەمو پێکهاتەکان هەبێت بۆ ئەوەی رۆڵی ئۆپۆزیسیۆنی ئەرێنی لە رێگەی پەرلەمانەوە بگێڕێت، بەڵام "پێویستە گەورەترین فراکسیۆنی شیعە لە پەرلەمان پێکبهێندرێت بۆ پشتیوانیکردنی حکومەت".
 ئەوەشی خستوەتەڕو، بەگوێرەی دەستور هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری مەرجدار کراوە بە ئامادەبونی دو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان، بۆیە ئەو لایەنانەی دەیانەوێت حکومەت پێکبهێنن، پێویستە دەست بکەن بە گفتوگۆ لەگەڵ هاوبەشەکانیان لە نیشتمان.
 ناوەڕۆکی پێشنیازەکەی عەممار حەکیم پێکهاتوە لەچەند خاڵێک لەوانەش داوای لە هەمو لایەنەکان کردوە بەبێ مەرج لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن و قەیرانی سیاسی تێپەڕێنن، هەروەها داوا دەکات سێ سەرۆکایەتییەکان لەنێوان پێکهاتەکاندا بە جیا یەکلایی بکرێتەوە.
 ئاماژەی بەوەشکردوە، پێویستە ئەوانەی بەشداری حکومەت دەکەن ببنە بەشێک لە هاوپەیمانی زۆرینەی پەرلەمان و پشتیوانی حکومەت بن، هەروەها حکومەتی نوێ کارنامەیەکی رون و ماوەیەکی دیاریکراوی هەبێت، داواش دەکات ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمانی عێراق پۆست لەناو لیژنەکانی پەرلەماندا وەربگرێت.