سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بەفەرمی وشکەساڵی راگەیاند و ده‌ڵێت، داوای بودجه‌یه‌كی به‌په‌له‌ و به‌هاناوه‌چون له‌ حكومه‌ت ده‌كه‌ن، له‌ هه‌مانكاتدا داوا له‌ رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیش ده‌كه‌ن كه‌ بچن به‌ هانایانه‌وه‌.

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، جەلال نوری، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، "ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ری یه‌كه‌ ئیدارییه‌كان كۆبوینه‌وه‌ بۆ گفتوگۆكردن له‌باره‌ی وشكه‌ساڵی، دوای ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ری ته‌واومان وه‌رگرت و بارانبارین جێگه‌ی ئومێد نیه‌، ئێمه‌ وشكه‌ ساڵی له‌ ئیداره‌ی گه‌رمیان راده‌گه‌یه‌نین، ره‌نگه‌ له‌ هه‌ندێك شوێن بارانبارین زیاتر بێت، به‌ڵام به‌پێی ستانداردی جیهانی، ئه‌مساڵ وشكه‌ ساڵییه‌ له‌ گه‌رمیان، كه‌ كاره‌ساتێكی سروشتییه‌ و زیانی زۆر ده‌بێت بۆ ژیانی مرۆڤایه‌تی و بۆ ژینگه‌ و كشتوكاڵ، له‌ زۆربه‌ی روه‌كانه‌وه‌ گه‌رمیان زیانی پێده‌گات كه‌ دوه‌م ساڵه‌ له‌سه‌ر یه‌ك وشكه‌ساڵی گه‌رمیان ده‌گرێته‌وه‌".

 ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، به‌پێی داتاكانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كشتوكاڵی گه‌رمیان ئه‌مساڵ زیان به‌ زیاتر له‌ 135.000 (سه‌دو سی و پێنج هه‌زار) دۆنم زه‌وی ده‌گات و هه‌روه‌ها زیان به‌ به‌روبومی ماسی ده‌گات، له‌ هه‌مانكاتدا بیره‌كان له‌ گونده‌كاندا وشك ده‌بن و گونده‌كان به‌ره‌و چۆڵ بون ده‌چن، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ وشكه‌ساڵی مه‌ترسی نه‌خۆشی زیاتر ده‌هێنێت له‌گه‌ڵ خۆیدا وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی گه‌رمیان خستیه‌ڕو، كه‌ بریتین له‌ نه‌خۆشییه‌كانی سكچون، رشانه‌وه‌ و نه‌خۆشی پێست، كه‌ ئه‌مانه‌ش جێگه‌ی مه‌ترسیین.

 سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان باسی له‌وه‌شكرد، له‌مڕۆوه‌وه‌ لیژنه‌ی هاوبه‌ش و راپۆرتیان ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی ئاڕاسته‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی بكه‌ن تاوه‌كو داوای بودجه‌یه‌كی به‌په‌له‌ و به‌هاناوه‌چون بكه‌ن، له‌ هه‌مانكاتدا داوا له‌ رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیش ده‌كه‌ن كه‌ بچن به‌ هانایانه‌وه‌، چونكه‌ وشكه‌ساڵی پێویستی به‌ بودجه‌یه‌كی خێراو به‌په‌له‌ هه‌یه‌.

 ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "پلانه‌كه‌مان له‌ دو به‌ش پێكدێت، یه‌كه‌میان، به‌هاناچونی خێرایه‌ بۆ وشكه‌ساڵی و دوه‌میان، پلانێكی درێژخایانه‌ كه‌ خۆی له‌ دروستكردنی به‌نداوه‌كان ده‌بینێته‌وه‌ وه‌كو بەنداوی بەردەسور، كه‌ بخرێته‌بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ته‌واوكردنی به‌نداوی باوه‌نور، كه‌ ئه‌وانه‌ بۆ داهاتون و ئه‌گه‌ر ساڵێكیش وشكه‌ساڵی بێت ده‌توانین روبه‌ڕوی ببینه‌وه‌".

 جەلال نوری وتیشی، "ساڵی رابردو دوای ئه‌وه‌ی راگه‌یه‌ندرا كه‌ وشكه‌ساڵییه‌ بودجه‌یه‌كیان ته‌رخانكرد بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاوی ژێر زه‌وی و قه‌زاو ناحییه‌كان، بێگومان ئه‌و بودجه‌یه‌ پێویستبو، ئه‌مساڵ پێویستمان به‌ بودجه‌ی زیاتر هه‌یه‌ و داوای ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی هه‌م به‌ هانای گونده‌كانه‌وه‌ بچین و هه‌م كێشه‌ی كه‌می ئاو له‌ناو شاره‌كاندا نه‌یه‌ڵین".