باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەغدا پاش کۆتایی هاتنی ماوەی ئەرکەکەی لەگەڵ سەرۆک کۆماری عێراق، دیداری کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، نووسینگەی سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ دووشەممە 18 ی نیسان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە بەرهەم ساڵح لە بەغدا پێشوازیی لە ئیرەج مەسجدی باڵیۆزی ئێران کردووە و ئەوەش چاوپێکەوتنی ماڵئاوایی بووە.
بە پێی ئەو بەیاننامەیە، سەرۆک کۆماری عێراق ستایشی هەوڵەکانی ئیرەج مەسجدیی کردووە لە ماوەی کارکردنی لە عێراق و لە پێناو پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی بەغدا و تاران و هیوای سەرکەوتنیشی بۆ خواستووە لە هەر ئەرکێکی داهاتوودا.
بەرهەم ساڵح هەروەها جەختی لە سەر پتەوبوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق و پەرەپێدانی لە سەرجەم بوارەکان لە پێناو خزمەت گەیاندن بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان کردەوە.
ئیرەج مەسجدیش پاڵپشتی کۆماری ئیسلامی ئێرانی لە ئاسایش و سەقامگیری عێراق و پتەوکردنی پەیوەندییە ئابوری و کۆمەڵایەتییەکان کە هەر دوو وڵات و گەلەکانی لێک نزیک دەکاتەوە، ڕاگەیاند.