بە سەرۆکایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی وەفدی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدا بەشداریکرد لە کۆبوونەوەی لوتکەی چوارچێوەی ھەماھەنگی و ھاوپەیمانی عەزم.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، لە کۆبوونەوەکەدا دواین گۆڕانکارییە سیاسییەکان و رێگەچارەی دەربازبوون لە چەقبەستوویی سیاسی لە وڵات خرایەبەر باس و بۆچوونیان لەبارەوە ئاڵوگۆڕکرا.
لایەنەکانی بەشداربووی کۆبوونەوەکە جەختیان لە گرنگی بەردەوامی ھەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەک بۆ تەنگەژە سیاسییەکان کردەوە، کە پێویستی بە سازشی ھەموولایەنەکان و ھێزە نیشتمانییەکان ھەیە لە پێناو بەرژەوەندی ھاووڵاتیان و بەردەوام بوون لەسەرخستن و خستنەڕووی نەخشەڕێگایەک کە ببێتە ھۆی کرانەوەی پرۆسەی سیاسی و بەرەو ھەنگاوی کرداری پێکھێنانی حکومەت و زامنکردنی داواکاری خەڵک.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، چوارچێوەی ھەماھەنگی و ھاوپەیمانی عەزم جەختیانکردەوە لە پەلەکردن لە داڕشتنی ھێڵە گشتییەکانی ئەو نەخشەڕێگایە و دەستپێکردنی گفتوگۆ لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکان و دانیشتن لەسەر مێزی گفتوگۆ لەپێناو لێکتێگەیشتن و بەھێزکردنی پرۆسەی دیموکراسی و پاراستنی سەقامگیری سیاسی و ئاسایشی عێراق و گێڕانەوەی متمانەی ھاووڵاتیان بە پرۆسەی سیاسی.