سەرۆک کۆماری تورکیا لە وتارێکدا رایگەیاند:" بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراق ئۆپەراسیۆنەکانمان دەکەین".  دەشلێت:" سوپاسی حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ بەردەوامی ئۆپەراسیۆنەكەمان".

بەپێی ڕآپۆرتی زایەڵە، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە وتارێکدا رایگەیاند:" چاومان لە خاکی هیچ وڵاتێک نییە، بەڵام دەمانەوێت ئاسایش بەرقەرار بکەین. بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانمان بۆ ناو بنکە و بارەگاکانیان چەندین ساڵە پەکەکە ناتوانێ هیچ چالاکییەک لەناو تورکیادا بکات و لە چالاکیمان خستوون و بەردەوام دەبین".

باس لەوەش دەکات: "دەستمان بە ئۆپەراسیۆنێکی دیکە کردووە، تاوەکو ئەو ناوچانە پاکبکەینەوە کە لەلایەن رێکخراوە تیرۆرستییەکانەوە لە باکووری عێراق داگیرکراوە."

باس لەوەش دەکات: "ئامانجمان لە ئۆپەراسیۆنەکەمان پاککردنەوەی خاکی عێراقە لە رێکخراوە تیرۆرستییەکان و گەرەنتیکردنی ئاسایشی سنوورەکانمانە. ئێمە هاوئاهەنگیمان لەگەڵ حکومەتی عێراقیدا هەیە بۆ بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنەکە."

سەرۆک کۆماری تورکیا وتیشی، "لە ماوەی رابردوودا گۆڕانکاریمان لە بیرۆکەی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا کرد. جەنگمان لە دژی تیرۆر فراوانترکرد، سەرچاوە و شوێنی مانەوەکانیانمان کردە ئامانج. کارێکمان کردووە کە چیتر گرووپە تیرۆرستییەکان نەتوانن لەنێوخۆی تورکیادا چالاکی ئەنجام بدەن."

رەجەب تەیب ئەردۆغان لە وتەکانیدا، سوپاسی حکومەتی فیدڕاڵی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات "بۆ ئەو هاوکارییەی لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە باکووری عێراق پێشکێشیان کردووە."

بەپێی ئاماری وەزارەتی بەرگریی تورکیا، تاوەکو ئێستا 26 گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان گیانیان لەدەستداوە و دوو سەربازی سوپای تورکیاش کوژراون.

هەروەها ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە رۆژی دووشەممە بڵاویکردەوە، لە ناوچەکانی ئاڤاشین و زاپ 28 سەربازی تورکیا کوژراون و نۆی دیکەش برینداربوون، دوو هەلیکۆپتەریش پێکراون.