ئه‌ندازیارێكی ئاوی ژێر زه‌وی رایده‌گه‌یه‌نێت، به‌ئه‌گه‌ری زۆره‌وه‌ به‌ هاوینێكی هه‌ستیارو وشكدا تێپه‌ڕده‌بین.

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، سه‌رخڵ هاوڕێ ئه‌ندازیاری ئاوی ژێر زه‌وی، ڕایگه‌یاند،  ئه‌گه‌ر چی وشكه‌ساڵی به‌شێوازی جیاواز پێناسه‌ده‌كرێت، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی گشتی و زانستی بریتیه‌ له‌ ماوه‌یه‌ك له‌ وه‌رزێكه‌وه‌ تا چه‌ند ساڵێك كه‌ ڕێژه‌ی دابارین تیایدا له‌ تێكڕا كه‌مترو كاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆ له‌سه‌ر كشتوكاڵ و ئابووری و سه‌رچاوه‌ ئاویه‌كان دروست ده‌كات.

وتیشی، له‌هه‌رێمی كوردستان ئه‌م ساڵ تائێستا ڕێژه‌ی دابارین زۆر كه‌مه‌و به‌نموونه‌ له‌شاری سلێمانی نه‌گه‌یشتووه‌ به‌ئاستی تێكڕا كه‌ (٦٥٠-٧٠٠) ملم به‌پێی داتای چه‌ند ده‌یه‌یه‌كی ڕابردوو، بۆیه‌ به‌ئه‌گه‌ری زۆره‌وه‌ به‌ هاوینێكی هه‌ستیارو وشكدا تێپه‌ڕده‌بین پێویسته‌ هه‌رچی زووه‌و له‌ئێستاوه‌ ئاماده‌كاری بكرێت و ڕێكاره‌كان بگیرێته‌به‌ر بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی زیانه‌كانی وشكه‌ساڵی له‌ناوچه‌كه‌دا.

ئه‌ندازیای ئاوی ژێر زه‌وی سه‌رخێل هاوڕێ هۆكاره‌كانی وشكه‌ساڵی گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ ئه‌مانه‌ ،

- گۆڕانی كه‌شوهه‌وا

- گه‌رمبوونی زه‌وی

- له‌ناوبردنی دارستانه‌كان و ڕوتاندنه‌وه‌ی خاك و گۆڕانكاریه‌ ده‌ستكرده‌كان. هۆکارە سروشتیەکان .

کامەران کەریم