وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم کەمکردنەوەی کرێی مانگانەی ئاوی ئەو ماڵانەی راگەیاند کە تائێستا پێوەری ئاویان نەبەستووە و دەڵێت، ئەوە هاندانێکە بۆئەوەی ئەو ماڵانە پێوەری ئاو ببەستن.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە (25ی نیسانی 2022) لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، چارەسەركردنی گرفتی ئەو هاوبەشانەی كە پێوەری ئاویان نەبەستاوە ڕاگەیاند و گوتی بۆ ئەو هاوبەشانەی لە دەرەوەی شارەكانن و پێوەریان نەبەستاوە، نرخی كرێی ئاو لە 80 هەزارەوە بۆ 10 هەزار دینار بە ڕێژەی 90% داشكاندنیان بۆ دەكەین و ئەوانەی ناو شارەكانیش لە 80 هەزارەوە بۆ 20 هەزار دینار كەم دەكرێتەوە، داواش لە هاووڵاتییان دەكەین بە خێرایی بچن پێوەرەكانیان ببەستن بۆ ئەوەی لەم بڕیارەی كابینەی نۆیەمی حكوومەت سوودمەند بن.
وتیشی، زیاتر لە 300 هەزار هاوبەشی ئاو تاوەكوو ئێستا پێوەریان نەبەستووە بۆیە كرێی ئاویان بە 80 هەزار دینار بۆ هەر مانگێك بۆ هەژمار دەكرا، بەڵام دوای ئەوەی لەلایەن دامودەزگەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە لە ماوەكانی ڕابردوودا داخوازیی هاووڵاتییانمان پێگەیشت بۆ كەمكردنەوەی ئەو 80 هەزار دینارەی كرێی ئاو، ئێمەش لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و لیژنە تایبەتەكانمان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ دیراسەی ئەو داواكاریانەمان كرد و دواتر بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانمان بەرزمان كردەوە و پێشنیازەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ كەمكردنەوەی كرێی ئاو بۆ ئەوانەی پێوەریان نەبەستاوە لەلایەن سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەسەند كران.
سەبارەت بە رێژەی داشكاندنەكانیش ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەبارەی كرێی ئاوی ماڵان بۆ ئەوانەی پێوەریان نەبەستاوە گوتی لە 80 هەزارەوە لەناو سەنتەری شارەكان بۆ 20 هەزار دینار واتە بە ڕێژەی 75% كەمكراوەتەوە. هەروەها بۆ ئەوانەیشی لە دەرەوەی شارەكان و كۆمەڵگە و قەزا و ناحیەكانن لە 80 هەزارەوە بۆ 10 هەزار دینار واتە بە ڕێژەی 90% كەمكراوەتەوە. سەبارەت بە شوێنە بازرگانییەكانیش وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتی: بۆ شوێنە بازرگانییەكان و كاسبكاران و پیشەوەران، كەمكردنەوەی كرێی ئاو لە 200 هەزار دینارەوە بە ڕێژەی 40% كەمكراوەتەوە.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار داوا لەو هاوبەشانەی ئاو دەكات كە تاوەكوو ئێستا پێوەریان نەبەستاوە بچن مامەڵەی بەستنی پێوەرەكانیان بكەن بۆ ئەوەی لە بڕیارەكەی حكوومەت سوودمەند بن، لەمبارەیەوە گوتی: ئێستا دەرفەتێكی لەبارە بۆیە ڕوو لە هاووڵاتییان دەكەین كە ئەوانەی پێوەریان نەبەستاوە، ئەو دەرفەتە بقۆزنەوە و بچن ئەو كرێی ئاوە بدەن و پێوەرەكانیان ببەستن بۆ ئەوەی سوودەمەند بن كە تاوەكوو ئێستا بە ڕێژەی 25% پێوەر نەبەستراوە. لەبارەی گرنگیی بڕیارەكەش گوتی: ئەو بڕیارەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەیەكە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەمیشە داواكارییەكانی هاووڵاتییان بەهەند وەردەگرێت و لە خزمەتیاندا دەبێت.
هەروەها وتیشی: فەرمانگەكانی ئاو و ئاوەڕۆ لە سەرجەم شار و شارۆچكەكان لە ڕێگەی ئەو پرۆژانەی هەیانە كە زیاتر لە 81 پرۆژەن و زیاتر لە 5 هەزار بیری ئاویش هەیە، ڕۆژانە بڕی ئاوی خواردنەوە بە بڕی دوو ملیۆن و زیاتر لە 684 مەتر سێجا ئاو بۆ هاووڵاتییان دابین دەكرێت، تێچووی بەرهەمهێنانی هەر مەتر سێجایەك ئاویش لەسەر حكوومەت 335 دینار دەكەوێت.
ساسان عەونی وتیشی: بەرهەمهێنانی ئاو یەكێكە لە ئەولەویەتەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كاری جیدی بۆ كردووە و هەر شار و شارۆچكەیەكیش پێویستی بە پرۆژەی ئاو هەبووبێت، حكوومەت بڕیاری باشی بۆ دەدات و كاری لەسەر كردووە، دوا بڕیاریش پرۆژەی ئاوی چەمچەماڵ بوو كە لە ماوەی داهاتوودا دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوەوە. چونكە هاووڵاتییان چەقی بایەخپێدانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستانن، لە هەر كوێ داخوازییەكیان هەبووبێت بەهەند وەردەگیرێت و ئەم بڕیارەی ئێستاش دەچێتە خانەی بایەخپێدانەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەت بە هاووڵاتییان.