بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق لە بەغدا پێشوازی کرد لە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی شاندی دانوستانکاری حکومەتی ھەرێم بۆ بەغدا و سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکان.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢١/٢/١٥ بە ئامادەبوونی بەشیر حەداد، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، سەبارەت بە دوایین گۆڕانکارییەکانی دانوستانی نێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکان گفتوگۆ کرا.
بهپێى ڕاگهیهندراوى کۆبونهوهکه،" لە کۆبوونەوەکەدا جەخت کرایەوە لە گرنگی چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەردوو حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و گەیشتن بە رێگاچارەی بنەڕەتی و کۆتایی لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا و پاراستنی بژێوی ژیانی سەرجەم ھاووڵاتیانی عێراق و ھەرێمی کوردستان و مووچەی مووچەخۆران دوور لە ململانێ سیاسییەکان."
ههر له ڕاگهیهندراوهکهى سهرۆکایهتى کۆمارى عێراق هاتوه، لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا بەگرنگییەوە باس لە پاراستنی پشکی ھەرێمی کوردستان کرا لە بودجەی گشتی ساڵی 2021 و زامنکردنی مافی تەواوی ناوچە و پێکھاتەکان لەسەر بنەمای دادپەروەری و پاراستنی مافی سەرجەم ھاووڵاتیان و پێویستی کۆتایی ھێنان بەقەیرانی مووچە و بژێوی ژیانی خەڵک و کەمکردنەوەی لێکەوتە داراییەکان لەسەر ھاووڵاتیان.
کۆتایی/.
February 15, 2021