وەزارەتی ناوخۆ نوێترین زانیاری لەبارەی هێرشەکەی شەوی رابردو بڵاوکردەوە و ئاشکرای کرد لە هێرشی دوێنی شەو هەمان شێواز و تەکنیکی هێرشی پێشووی سەر فرۆکەخانەی هەولێر بەکار هاتووه.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند: هێرشەکەی شەوی رابردو بوە هۆی گیانی لە دەستدانی کەسێک و برینداربوونی پێنج کەسی دیکە. لە ناو شاری هەولێریش سێ کەسی تر برینداربون، ئەمە جیا لەوەی زیانی ماددیشی بە چەندین ماڵ و شوێنی بازرگانی گەیاندوە.
راگەیەندراوێک لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە
دوای ئەوەی کاتژمێر 9:30 ی دوێنێ شەو 2021/2/15، چەند مووشەکێک بەر فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و چەند گەڕەکێکی شاری هەولێر کەوتن، لە ئەنجامدا لە ناو فڕۆکەخانە بووە هۆی گیانی لە دەستدانی کەسێک و برینداربوونی پێنج کەسی دیکە. لە ناو شاری هەولێریش سێ کەسی تر برینداربوون. ئەمە جیا لەوەی زیانی ماددیشی بە چەندین ماڵ و شوێنی بازرگانی گەیاندووە.
دوای ئەوەی دەستبەجێ دەزگاکانی دژە تیرۆر و ئاسایش و پۆلیس دەستیان بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون کرد بە هەماهەنگیی لەگەڵ هێزی هاوپەیمانان، شوێنی ئەو ئوتومبێلەیان دۆزیەوە کە مووشەکەکانی لێ هاوێژراوە، ئوتومبێلەکە جۆری (کیا)یە و لە ڕێگەی نێوان هەولێر و گوێڕ دۆزرایەوە.
 ئەوەی جێگەی سەرنجە، هەمان شێواز و تەکنیک کە لە هێرشی پێشووی سەر فرۆکەخانەی هەولێر بەکار هاتبوو، لە هێرشی دوێنی شەویش دووبارە بووەتەوە.
 لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ ئاشکراکردنی ئەو کەس ولایەنانەی لە پشت هێرشەکەوەن و خەڵکی شاری هەولێر و هەرێمی کوردستانیش دڵنیا دەکەینەوە، کە هەموو ئەوانەی دەستیان لەم هێرشەدا هەیە و ئەنجامدەری ئەم تاوانەن ، ئاشكرا و ڕیسوا دەکرێن و بە سزای خۆیان دەگەیەنرێن.
وەزارەتی ناوخۆی
حکومەتی هەرێمی کوردستان

2021/2/16