وا بڕیارە مانگی تەمووزی ئەمساڵ زانکۆی رازی کرماشان لە کۆماری ئیسلامی ئێران، بۆ یەکەمینجار کۆنفرانسی جیهانیه هەورامان ساز بکات.
بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، کۆنفرانسەکە بە دروشمی؛ کەلەپوری جیهانیی هەورامان و گەشەپێدانی بەردەوام، گرنگی تۆماری جیهانیی هەورامان لە لایەن رێکخراوی یۆنسکۆوە دەخاتەڕوو کە چۆن ئەم تۆمارە مێژووییە بکرێتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ گەشەپێدانی هەورامان.
لەم چوارچێوەیەشدا شەممە ٧/٥/٢٠٢٢ پانێڵی دەستپێشخەری تۆماری جیهانیی؛ کلتور و گەشەپێدانی بەردەوام، لە ژیر ناونیشانی (دیبلۆماسییەت و پەیوەندی نێودەوڵەتی) بەڕێوەچوو.
لە پانێڵەکەدا سێ پسپۆڕ بابەتەکانیان پێشکەش کرد. د مەهدی شوشتەری کۆنسوڵی ئێران لە سلێمانی وتەیەکی دەربارەی دەرفەتەکانی هاوکاری وڵاتانی ناوچەکە و د. سیامەک بەهرامی مامۆستای زانکۆی کرماشان و خەڵکی هەورامان بابەتێکی لەسەر گرنگی تۆماری جیهانیی هەورامان پێشکەش کرد.
لە پانێڵەکەدا د. موئمین زەڵمی مامۆستای زانکۆ وەک تاقە نوێنەری زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بابەتێکی لەژێر ناونیشانی ( هەورامان، زمان و کلتور و مافی ئافرەتان) پێشکەش کرد.
لە وتارەکەیدا د. زەڵمی، باسی لە پێویستی هەماهەنگی هاوبەشی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران کرد بۆ گرنگیدان بە ناوچەی هەورامان، بۆ ئەو مەبەستەش پێشنیاری کردنەوەی ناوچەی ئازادی بازرگانی هەورامان و دروستکردنی لیژنەی هاوبەشی هەماهەنگی دوولایەنە و پرۆژەی هاوبەشی هونەری و تەلارسازی و هەروەها بەرهەمهێنان فیلم و دۆکیۆمێنتاری لەسەر هەورامان بە پێویست زانی و جەختیکردەوە کە لە بواری مافی ئافرەتاندا دەکرێت هەورامان بە ژینگەی تەندروستی کۆمەڵایەتییەور ببێتە ئولگو و مۆدێلێک بۆ عێراق و وڵاتانە ناوچەکە لە پێناو پارێزگای لە مافی ئافرەتان وکەمکردنەوەی توندتیژی دژی ژنان کە هەورامان لەم ڕووەوە پێشەنگە لە مافی ئافرەتان.
د. موئمین زەڵمی سوپاسی وەزیری رۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی کرد کە لە ماوەی ڕابردوودا دەستپێشخەر بووە بۆ پێشکەشکردنی پرۆژەی خوێندنی زمانی دایک بۆ منداڵانی هەورامان کە ئەمەش بناغەیەکی گرنگە بۆ خزمەتی فەرهەنگ و کلتوری ناوچەکە و پارێزگاری لە زمانی هەورامی.
وا بڕیارە لە کۆنفرانسەکەدا توێژەرانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەشداری کارایان هەبێت.