زایەڵە - نازەنین ڕەحمان ئابادی نووسەری ئەم ڕۆمانە ڕایگەیاند: ئەم کتێبە کە ڕۆمانێک لە ژانێری مێژوویی و عاشقانەدایە نێزیک بە دوو حەوتوویە هاتوەتە نێو بازاڕی کتێب و لە ڕۆژانی داهاتوودا بە ئامادەبوونی بەشێک لە نووسەران و شاعیران و هۆگرانی کتێب ڕێوڕەسمی پەردەلادانەکەی لە کرماشان بەڕێوە دەچێت.
«حەواریون» ڕۆمانێک لە ژانێری مێژوویی و ئەویندارانەیە.
چیرۆکی ئەم ڕۆمانە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پەهلەوی دووەم، ئەو کاتەی «سورەیا ئیسفەندیاری» شاژنی ئێران بوو. پێشهاتەکان لە بستێنێکی ڕاستەقینەی ڕووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەو سەردەمەدا وەدیهاتوون. پێشهاتەکان چارەنووسی چوار ژنە کە، کەسایەتی سەرەکی ڕۆمانەکە پێک دێنن. یەکێکیان کچی
سەرۆک هۆزی کرماشانییە، یەکێکیتر خانزادەیەکی بەختیاری، سێهەم بەرگدروویەکی هەژار و عاشق، چوارەم ژنێکی سەر بە پارتی «توودە»یە و دواتر «سورەیا» ناوێک کە وەک تاڵێک بەنی نادیار ئەم چوار ژنە لە کاتێکی دیاردا پێکەوە گرێ دەدات. خۆشەویستی و نافەرمانی و ئازادی تایبەتمەندییەکانی کەسایەتی ژنە لەم ڕۆمانەدا. هیچکام لەم ژنانە نایانەوێت کۆیلەیی قبووڵ بکەن و هەرکام بە شێوازی خۆیان بۆ گەیشتن بە ڕزگاری و ئامانجەکانیان هەوڵ دەدەن. بەرگدرووی هەژار کە لە کۆشکی پاشایەتی لە لایەن ڕووسیاوە دانراوە بۆ ئەوەی دەرمانی نەزۆکی بدات بە شاژن، عاشقی پاشا دەبێت.
«پەریشان» کچی سەرۆک هۆزێکی کرماشانییە کە سەرەڕای دژایەتی باوکی عاشقی ئەندازیارێکی بەریتانی دەبێت لە کۆمپانیای نەوتدا. «ساقی» ژنێکی سەر بە پارتی توودەیە کە پێچەوانەی یاساکانی پارتەکەی عاشقی یەکێک لە سەرکردەکانی سوپای شاهەنشاهی بووە و «گل گیس» کچێکی عێلی بەختیارییە کە بۆ گەیشتن بە باوکی لە گەڵ کابرایەکی ڕووسیدا دەبێتە هاوڕێ.
هەرکام لەم چوار ژنە لە ڕێگای گەیشتن بە ئامانجەکانیان تووشی چارەنووسێکی جۆراوجۆر دەبن.
ئەم کتێبە لە ۲٨٤ لاپەڕە لە لایەن دەزگای چاپ و پەخشی «نودا» چاپکراوە و ڕۆژی چوارشەممە ١١ی ئایاری ٢٠٢٢ لە شاری کتێبی کرماشان ڕوونوێنی دەکرێت.