زایەڵە - له فاكه‌ڵتیی ئادابی زانكۆی سۆران، دیداری مەولەوی بەڕێوەچوو. دیدارەکە بۆ لێکۆڵینەوە لەبەرهەمەکانی شاعیری ناوداری کورد، مەولەوی ڕێکخرابوو. لە دوو پانێڵدا، ٧ باس سەبارەت بە کتێبەکانی مەولەوی، لەوانەش دیوانە شیعرییەکەی، عەقیدەی مەرزیە، فەوائیح و فەزیلە پێشکەش کران. دیداری مەولەوی بە هاوبه‌شی لەلایەن به‌شه‌كانی زمانی كوردی و عەرەبی له فاكه‌ڵتیی ئاداب ڕێکخرابوو.
دیداری مەولەوی به پێشكه‌شكردنی وتارێك له‌لایه‌ن بەڕێز پ. ی. د. شێروان شه‌ریف قورتاس، سه‌رۆكی زانكۆی سۆرانه‌وه ده‌ستی به كاره‌كانی كرد. سەرۆکی زانکۆ لە ناو وتارەکەیدا، ئاماژه‌ی به‌وه‌دا: "گرنگه بایه‌خ به به‌رهه‌م و دونیابینیی كه‌ڵه شاعیرانی وه‌ك مه‌وله‌وی بدرێت؛ له‌وه‌ش گرنگتر ئاشنابوونه به ڕێچكه و ڕێباز و ڕاڕه‌وی ئه‌و ئه‌دیبه گه‌ورانه‌ی كورد له نه‌خشاندنی به‌رهه‌مه‌كانیان.
پاشان قسه‌كه‌ری سه‌ره‌كیی دیداره‌كه به‌ڕێز م. محه‌مه‌د عه‌لی قه‌ره‌داغی وتارەکەی پێشكه‌ش کرد. بەڕێزیان ئاماژه‌ی به‌وه کرد: هیچ شاعیرێكی كورد به ئه‌ندازەی مه‌وله‌وی و به‌رهه‌مه‌كانی، جێی بایه‌خ و توێژینه‌وه و لێكۆڵینه‌وه نه‌بوون، كه زیاد له سه‌د كۆنفرانس و دیداری نێوده‌وڵه‌تی و ناوخۆیی، كه‌ڕنه‌ڤاڵی له‌سه‌ر كراوه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێشتا چه‌ندین بوار و كایه هه‌ن له به‌رهه‌مه‌كانی مه‌وله‌ویدا كه مه‌یدانێكی له‌بارن بۆ توێژینه‌وه و لێكۆڵینه‌وه و هه‌ڵهێنجانی گه‌وهه‌ر و مرواری نوێ.
دواتر وتاری بنەماڵەی مەولەوی و دامەزراوەی ماڵپه‌ڕی مه‌وله‌وی له‌لایه‌ن به‌ڕێز ئه‌ندازیار عادل مه‌ولوی-یه‌وه پێشكه‌ش كرا. بەڕێزیان سوپاسی زانكۆی سۆرانی كرد بۆ ڕێكخستنی ئه‌م دیداره و ئاماژه‌شی به‌وه كرد زانكۆی سۆران کە خۆی پێشه‌نگی زانكۆکانی هه‌رێمی كوردستانە، به‌م كار و چالاكیانه‌ش زیاتر پێشه‌نگایه‌تی خۆی پته‌وتر و ڕابه‌رایه‌تی خۆی له كایه‌ی زانستی و ئه‌كادیمیدا چه‌سپاوتر ده‌كات.
پاشان پانێڵەکانی دیدارەکە دەستیان پێ کرد. پانێڵی یه‌كه‌م به به‌شداریی هه‌ر یه‌كه له به‌ڕێزان پ. د. سه‌باح به‌رزنجی، د. مه‌سعود محه‌مه‌د و د. فازڵ حه‌مه سه‌عید و م. هیوا حه‌سه‌ن به‌ڕێوه‌چوو؛ له‌لایه‌ن م. هۆشه‌نگ دارا به‌ڕێوه برا. پانێڵی دووه‌میش به به‌شداریی هه‌ر یه‌كه له به‌ڕێزان پ. ی. د. سه‌بوور عه‌بدولكه‌ریم (شکار)، د. لهۆن قادر، پ. ی. د. هێمن عومه‌ر خۆشناو و پ. ی. د. هه‌ژار ئه‌حمه‌د ڕه‌حیمی به‌ڕێوه‌چوو؛ له‌لایه‌ن د. فازڵ حه‌مه سه‌عید به‌ڕێوه‌برا.
لە دوابڕگەی دیدارەکەدا، وته‌ی كۆتایی دیدار له‌لایه‌ن د. كارمه‌ند عه‌بدوڵا حه‌مه‌د، ڕاگری فاكه‌ڵتیی ئادابه‌وه پێشكه‌ش كرا. پاشان بڕوانامه‌ی به‌شداربوون به‌سه‌ر به‌شداربوواندا دابه‌شكرا.
لەم دیدارەدا، ژماریەکی بەرچاو لە قوتابیان، مامۆستایان و ڕۆشنبیران ئامادەبوون.
کامەران کەریم