زایەڵە - وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار  ڕایگەیاند،   ئەمساڵ ژمارەیەكی زۆر لە گەشتیارانی ناوخۆ و پارێزگەكانی عێراق سەردانی ناوچە گەشتیارییەكانی قەزای چۆمانیان لە سنووری ئیدارەی سۆران كرد، تاڤگەی كانی بەست یەكێك لەو شوێنانەیە كە ئەمساڵ پێشوازی لە ژمارەیەكی زۆر گەشتیار كرد و بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری چۆمانیش دەڵێن بەنیازین خزمەتگوزاریی گەشتیاری لەو شوێنە دابین بكەین.

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە پلانی دایە بایەخێكی زیاتر بە سێكتەری گەشتوگوزار بدات، بە پێی پلان و ئاسانكارییەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ئەمساڵ ژمارەیەكی زۆر لە گەشارانی پارێزگەكانی عێراق و بیانی سەردانی هەرێمی كوردستانیان كرد.

ڕۆژی هەینی، ژمارەیەكی زۆر گەشتیار سەردانی "تاڤگەی كانی بەست"یان كرد، وەك بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری چۆمان دەڵێ: ئەو تاڤگەیە كەوتووەتە سنووری قەزای چۆمان لە ناحیەی قەسرێ، یەكێكە لە تاڤگە بەرزەكان لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق كە بەرزییەكەی 36 مەترە و سرووشتێكی سەرنجڕاكێشی هەیە و جێگەیەكی ئارامە بۆ گەشتیاران، هەروەها لە پلانماندایە خزمەتگوزاریی زیاتر لەو تاڤگەیە بۆ گەشتیاران دابین بكەین و پەرەی زیاتری پێ بدەین.

کامەران کەریم