زایەڵە - سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی پێشتر ڕاگەیەندراو گەیشتە سلێمانی، سەرەتای سەردانەکەی لە قەڵاچوالانەوە دەستپێکرد بەمەبەستی بەشداریکردن لە خولی دەرچووانی کۆلێژی سەربازیی قەڵاچوالان.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی دەرچوونی خولی 16ی کۆلێژی سەربازیی قەڵاچوالان گەیشتە قەڵاچوالان، هەریەکە لە بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی و شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە لە ڕێوڕەسمەکەدا بەشدارن.
بڕیارە دواتر سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی سلێمانی بکات و لەگەڵ لایەنەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بزوتنەوەی گۆڕان، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و کۆمەڵی دادگەری کۆببێتەوە.
پێشتر مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، شاندی باڵایان سەردانی لایەنەکان دەکات لە سلێمانی بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەبارەی ئەو ناکۆکییانەی لەنێوان پارتی و لایەنەکان لەبارەی پرسی هەڵبژاردنەکان و چەند پرسێکی دیکە دروستبووە.