زایەڵە - شاندێکی ئەدیبان و شاعیرانی شاری سنە سەردانی سلێمانی دەکەن.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی هونەرو ڕۆشنبیری سلێمانی ڕایگەیاند، ئەمڕۆ یەک شەممە 22ی ئایاری2022 ، ڕێکخراوی ئەدەب و فەرهەنگی ئادان، بە سەرۆکایەتی ئەندازیار حامید حیسامی، سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانیان کرد و لەگەڵ دکتۆر موحسین ئەدیب بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی کۆبوونەوە.
شاندەکە کەپێکهاتوون لەژمارەیەک ئەدیب و شاعیری شاری سنەی پارێزگای کوردستان لە ئێران، خۆشحاڵی خۆیان بەم پێشکەوتنەی شاری سلێمانی لەڕووی ئەدەب و فەرهەنگی کوردی دەربڕی، هەروەک خۆشحاڵ بوون کە سلێمانی وەک شارێکی کوردی هەڵگری ناسنامەی پایتەختی ڕۆشنبیریە.
لای خۆشیەوە موحسین ئەدیب، بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی خۆشحاڵی خۆی بەم سەردانە دەربڕی و ئاماژەی بەوەشکرد" سلێمانی وەک پایتەختی ڕۆشنبیری، ماڵی سەرجەم شاعیران و ئەدیبانە بەبێ جیاوازی".
بڕیارە لەڕۆژانی ئایندە شاندی ئەدیبان و شاعیرانی شاری سنە چەند چاڵاکیەکی ئەدەبی و کۆڕی شیعر خوێندنەوە ئەنجام بدەن.
کامەران کەریم