زایەڵە - سەرۆکى هەرێمى کوردستان رایدەگەیەنێت کە ئەوان وەک ئەرکى یاسایی خۆیان لەسەرۆکایەتى هەرێم بۆ چارەسەری کێشەکانى ئەمڕۆی وڵات هەوڵیان داوەو هەوڵیش دەدەن و لەگەڵ هەموو لایەنەکان لەگفتوگۆدابوون و بەردەوامیش دەبن.

نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێم لە وتارێکدا لە قەڵاچوالان سەبارەت بە ناکۆکییە سیاسییەکانى ناوخۆی هەرێم و بەتایبەت پارتى و یەکێتى رایگەیاند"ئێستا زەمینەیەک هاتووەتە پێشەوە بۆ نەرمى نواندن و گفتوگۆکردن لەگەڵ یەکتر، لەراستیشدا کێشەى گەورەى ئەوتۆمان نییە کە چارەسەر نەکرێن، بەڵام هەندێ جار بەربەستى دەروونى بۆ دانیشتن لەگەڵ یەکتر دروست دەکرێت، ئەمەش زۆر جار لەنێوان پارتى و یەکێتى دروست دەبێت کە بەراستى جیگای نیگەرانى هەموو خەڵکى کوردستانە.

سەرۆکى هەرێم ئاماژەى بەوەشکرد، پێویستە سەرۆکایەتى هەرێم و حکومەت و پەرلەمان و دامەزراوەى دادوەری نەکرێنە گۆڕەپانى ململانێی حزبی و دەبێت هەمیشە دوور بن لەو ململانێیە.

هەروەها نێچیرڤان بارزانى دەشڵێت" دەبێت داهاتى کوردستان بۆ هەموو فەرمانبەران و خەڵکى کوردستان بێت، لە هەمان کاتیشدا دەبێت هەموو بڕیارەکانى حکومەت و دامەزراوەکانى هەرێم لە هەموو کوردستان وەک یەک جێبەجێ بکرێت، بەداخەوە بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکانەوە لە هەرێمی کوردستان هەست بە بێ ئومێدی و رەشبینی خەڵکى کوردستان دەکەم".